حەماس دەسەڵاتی غەززە ڕادەستی لیژنەیەکی تەکنۆکرات دەکات
مەحمود هەباش، ڕاوێژکاری سەرۆکی فەڵەستین بۆ کاروباری ئایینی، وردەکارییەکانی میکانیزمی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززەی لە قۆناغی داهاتوودا ئاشکرا کرد. ئەمەش دوای ڕێککەوتن لەسەر دیاریکردنی 15 ئەندام بۆ لیژنەیەکی تەکنۆکرات کە ئەرکی ئیدارەدانی کەرتەکەیان پێدەسپێردرێت.
ڕاوێژکاری سەرۆکی فەڵەستین ڕوونی کردەوە لیژنەی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە بڕیارەکانیدا خاوەن سەروەری دەبێت، بەڵام بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ "دەسەڵاتی فەڵەستین" کارەکانی ئەنجام دەدات.
هەروەها جەختی کردەوە؛ گرنگترین ئەرک و یەکەمایەتیی لیژنەکە لە قۆناغی داهاتوودا، ڕێگریکردن دەبێت لە ئاوارەبوونی زیاتری دانیشتووانی کەرتی غەززە.
هەباش پشتڕاستی کردەوە؛ بزووتنەوەی حەماس ڕەزامەندی دەربڕیوە بە تەواوی دەستبەرداری کۆنترۆڵی کەرتەکە ببێت و هەموو دەسەڵاتەکان ڕادەستی ئەم لیژنە نوێیە بکات. ناوبراو هیوای خواست ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی ناوماڵی فەڵەستینی تووشی قەیرانێکی تری ناوخۆیی نەبێتەوە.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئەو پلانەدایە کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاوە بۆ ئیدارەدانی غەززە پێشنیاز کرابوو.