تەندروستیی جیهانی داوای زیادکردنی باجی سەر خواردنەوە زیانبەخشەکان دەکات

خواردنەوە زیانبەخشەکان
خواردنەوە زیانبەخشەکان

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە دوو ڕاپۆرتی نوێدا داوای گرتنەبەری هەنگاوی بەپەلە دەکات، دژی خواردنەوە کحولییەکان لە لایەک و خواردنەوە شیرینەکانیش لە لایەکی ترەوە.

 بەپێی ڕاپۆرتەکان، بەهۆی کەمیی باج لەسەر ئەو خواردنەوانە، نرخەکانیان لە بازاڕەکاندا هەرزانە و ئەمەش بووەتە هۆی زیاتربوونی بەکارهێنانیان، واتە خراپبوونی دۆخی تەندروستیی هاووڵاتییان.

ڕێکخراوەکە هۆشداری دەدات خواردنەوە کحولی و شیرینەکان لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا زۆر بە ئاسانی دەستدەکەون و نرخەکانیان کەمە، ئەمەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی قەڵەوی، شەکرە، شێرپەنجە و پێکان.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 116 وڵات باج دەخەنە سەر خواردنەوە شیرینەکان و 167 وڵاتیش باج لەسەر خواردنەوە کحولییەکان دادەنێن.

 لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکخراوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە ئەم باجانە زۆرجار نزمن و کاریگەریی پێویستیان نییە، هەروەها بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لەگەڵ هەڵاوساندا ناگونجێنرێن. ئەمەش وای کردووە نرخی خواردنەوە کحولییەکان لە ساڵی 2022ـەوە لە زۆربەی وڵاتاندا جێگیر بێت یان هەرزانتر بێت.

 بۆ نموونە، شەراب لە لایەنیکەم 25 وڵاتەوە هیچ باجێکی لەسەر نییە، زۆربەی ئەو وڵاتانەش دەکەونە ئەوروپاوە. لەبەرامبەردا، ئەزموونی شانشینی یەکگرتوو دوای سەپاندنی باج لەسەر خواردنەوە شیرینەکان لە ساڵی 2018، کەمبوونەوەی بەکارهێنانی شەکر، داهاتی 338 ملیۆن پاوەندی لە ساڵی 2024 بەتەنیا، و دابەزینی ڕێژەی قەڵەوی لە کچانی تەمەن 10 بۆ 11 ساڵ بەدوای خۆیدا هێناوە.

پڕۆفیسۆر مایك ڕاینەر، لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، گوتی: "زۆربەمان هاوڕاین شەکر کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە و بەرپرسە لە نەخۆشیی شەکرە و دڵ و داخورانی ددانەکان و چەندان کێشەی تر."

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، نزیکەی 150 وڵات باجی خستووەتە سەر ئەو کاڵایانە. بەڵگەکان دەری دەخەن زیادکردنی باج لەسەر کحول و خواردنەوە شیرینەکان کاریگەرییان بەسەر بەکارهێنان و تەندروستییەوە هەیە. داتاکانی بەریتانیا بۆ نموونە دەیسەلمێنن خواردنەوە شیرینەکان ڕێژەی قەڵەوی و پووکانەوەی ددانیان لە منداڵاندا زیاد کردووە. بۆیە ڕوونە ئەم ڕێکارانە کاریگەریییان دەبێت.

لە لایەکی تریشەوە، د. کریستۆفەر سنۆودۆن، سەرۆکی بەشی ژیان و ئابووری لە پەیمانگای IEA، دەڵێت، زۆرێک لە خواردنەوانە چەندان جۆرن و ڕەنگی دەستکردیان تێدایە. پێویستە خەڵکی بڕیار بدات کامی دەوێت و زۆربەی کاتیش خەڵکانی هەژار پەنا بۆ خواردنەوە شیرینەکان دەبەن.

ناوبراو گوتیشی: "ئەم باجە زیان بەو کەسانە دەگەیەنێت داهاتیان کەمە. بۆیە گشت باجێکی ناڕاستەوخۆ لێکەوتەی دەبێت، چونکە خەڵکی هەژار لە دەوڵەمەند زیاتر ئەو خواردنەوانە بەکاردەهێنن. زۆرێکیش لە خواردنەوەکان جۆری پڕشەکر و بێ شەکر'یان هەیە بەگوێرەی ویستی کەسەکان. ئەگەر خەڵکی چێژی شیرینکەری دەستکردی بەلاوە ئاسایی بێت دەتوانێت بەکاری بهێنن و بە پێچەوانەشەوە. زۆربەی خەڵکی پێویستی نییە خواردنەوەی کەم کالۆری بخواتەوە چونکە قەڵەو نین. بۆیە پێویست ناکات حکوومەتەکان لەو بارەیەوە دەستوەردان بکەن."

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هەندێک لە خواردنەوە کحولییەکان لە 25 وڵاتدا هیچ جۆرە باجێکیان بەسەرەوە نییە و زۆرینەشیان وڵاتانی ئەوروپان. ڕێکخراوەکە داوا دەکات تا ساڵی 2035 نرخی سێ بەرهەم بەرز بکرێتەوە: جگەرە، کحول و خواردنەوە شیرینەکان، بە شێوەیەک خەڵکی کەمتر بتوانن بیانکڕن.