وەزارەتی دارایی بۆ عێراق: گەندەڵییەکانی خۆتان مەخەنە ئەستۆی هەرێم
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامێکی توندی قسەکانی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتی دەروازەکانی عێراق بۆ "گەندەڵی و دەستتێوەردانی میلیشیاکان" دەگەڕێتەوە، نەک هەرێمی کوردستان.
ئەم وەڵامەی وەزارەتی دارایی دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی 11ـی ئەم مانگە، لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق میوانداری کرابوو، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، ناوبراو "بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری حکوومەتى هەرێم و دوور لە هەموو عورفێکی یاسایی، هۆکاری کەمیی داهاتی دەروازەکانی عێراقی خستووەتە ئەستۆی هەرێم و ژمارەیەک تۆمەتی بێ بنەمای ئاراستە کردووە".
هۆکارە ڕاستەقینەکانی دابەزینی داهاتی عێراق
وەزارەتی دارایی بە چەند خاڵێک وەڵامی تۆمەتەکان دەداتەوە و ئاشکرای دەکات کە ئەگەر داهاتی دەروازەکانی عێراق کەمی کردبێت، هۆکارەکەی بۆ ئەمانە دەگەڕێتەوە:
1-گەندەڵی ئیداری و دارایی و نەبوونی دەسەڵاتی حکوومەت بەسەر بەشێک لە دەروازەکاندا.
2- دەستتێکەڵکردن لەگەڵ قاچاخچی و سەرۆک هۆزەکان بۆ هێنانەناوەوەی کاڵا بەبێ گومرگ.
3- وەرگرتنی بەرتیل و گەندەڵی ڕێکخراو لەژێر ناوی "تەرکیات" بۆ بارهەڵگرەکان.
4-بەرزکردنەوەی لەناکاو و بەرچاوی باج لەسەر کاڵاکان (زیاتر لە 30 هێندە)، کە بووەتە هۆی گۆڕینی ڕێڕەوی بازرگانی.
تۆمەتی قاچاخچێتی و خاڵە گومرگییە نایاساییەکان
سەبارەت بە تۆمەتی هێنانەناوەوەی کاڵای قەدەغەکراو، وەزارەتەکە ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت: "پێچەوانەکەی ڕاستە، چەندین کاڵا لە هەرێم قەدەغەن کەچی لە دەروازەکانی عێراقەوە بە قاچاخ دەهێنرێنە نێو هەرێم".
هەروەها وەزارەتی دارایی ڕەخنە لە دانانی خاڵە گومرگییەکانی (ئەلسەد، چیمەن و دارەمان) دەگرێت لە نێوان شارەکانی عێراق و هەرێم و بە "نایاسایی و سەرچاوەی گەندەڵی و بەرتیل" ناویان دەبات، کە بوونەتە هۆی دووجار باج وەرگرتن لە بازرگانان، شتێک کە لە هیچ یاسایەکی دنیادا بوونی نییە.
مووچە و نەوت
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەدا، وەزارەتی دارایی وەڵامی قسەکانی وائیلی دەداتەوە سەبارەت بە مووچە و نەوتی بەسڕە و دەڵێت: "ناردنی پشکی هەرێم دەستوورییە و خێر نییە، دەوڵەتی عێراق لەسەر نەوتی کەرکووک و کوردستان دامەزراوە کاتێک نەوتی بەسڕە بوونی نەبوو، بۆیە دەبێت عێراق قەرەبووی تاوانەکانی ڕژێمەکانی پێشوو بەرامبەر کورد بکاتەوە نەک (منەت) بەسەردا بکات".
وەزارەتەکە وەبیر عێراقی دەهێنێتەوە کە لە شەڕی داعش و سەردەمی کۆرۆنا مووچەی خەڵکی کوردستانیان بڕیوە، لەکاتێکدا "لە کۆی 94 ترلیۆن دیناری پشکی هەرێم لە 7 ساڵی ڕابردوودا، تەنها 33 ترلیۆن نێردراوە".
دزی سەدە و هەڕەشەی یاسایی
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکە، وەزارەتی دارایی دەپرسێت: "ئەگەر دابەزینی داهات لە ئەستۆی هەرێمە، ئەی کێ بەرپرسە لە دزی سەدە و دەستکاریکردنی سندوقی چاودێری کۆمەڵایەتی؟".
وەزارەتەکە ئامادەیی خۆی بۆ وردبینی و شەفافیەت دووپات دەکاتەوە و هۆشداریش دەدات کە مافی خۆیانە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر بەرپرسێک بگرنەبەر کە تۆمەتی بێ بنەما ئاراستەی هەرێمی کوردستان بکات.