هاکان فیدان: هیوادارین ئەمساڵ 'کێشەی هەسەدە' چارەسەر بکەین
هاکان فیدان دەڵێت "هیوادارین لەمساڵدا کێشەی هەسەدە چارەسەر بکەین". بە پێویستیش دەزانێت "کێشەکانی ئێران و ئەمەریکا بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی میدیا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان لە ئیستانبوڵ، تیشکی خستە سەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی.
لەبارەی دۆخی سووریا و گرژییەکانی ئەم دواییەی حەلەب، هاکان فیدان ڕایگەیاند، "پرسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەک کێشەیەک بۆ سووریا، تورکیا و ناوچەکە ماوەتەوە. هیوادارین ئەمساڵ ئەم کێشەیەش چارەسەر بکرێت. تورکیا لە ساڵی 2026 درێژە بە سیاسەتی ڕوون و یەکلاکەرەوەی خۆی لەم بارەیەوە دەدات."
هاکان فیدان گوتیشی "لەوەتەی ڕژێمی ئەسەد ڕووخاوە، لە عەفرینەوە تا سەرێکانی، لە تل ڕەفعەتەوە تا حەلەب هەمان شت دەبینین. مانەوەی هەندێک هێز نایاساییە." ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە ڕێگەی دیپلۆماسی و دیالۆگ بۆ چارەسەر بەکار بهێنرێت."
وەزیری دەرەوەی تورکیا هیوای خواست، ڕێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا جێبەجێ بکرێت و جەختی لەوەش کردەوە "بۆ دەستەبەرکردنی مافی پێکهاتەکان، ڕێککەوتن پێویست نییە. حکوومەتی سووریاش خۆی ئەمەی دەوێت، بەڵام کێشەی سەرەکی لە شێوازی بەشداریی سیاسیی پێکهاتەکاندایە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا، دەوڵەتی ئێرانی بە "دۆست" ناوبرد و گوتی "هەر ڕووداوێک لە ئێران ڕووبدات کاریگەریی لەسەر ئێمەش دەبێت." ئەو، هیوای خواست، ئێران بتوانێت کێشەکانی لەگەڵ ئەکتەرە گەورە نێودەوڵەتییەکان چارەسەر بکات، چونکە "ئەگەر ئێران بتوانێت کێشەکانی خۆی لەگەڵ ئەکتەرە گەورە نێودەوڵەتییەکان چارەسەر بکات، ناسەقامگیری بە ناوچەکەدا بڵاو نابێتەوە و ئەمەش لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە."
فیدان نیگەرانیی خۆی لە ئەگەری بەکارهێنانی هێز دەربڕی و ئاماژەی بە شەڕێکی 12 ڕۆژەی پێشوو کرد کە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە. لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە، "دەمانەوێت هەموو کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن و نائارامیی بەرفراوانی ئێران کاریگەریی لەسەر ناوچەکە دەبێت، ئێمە لە هەڵوێستە دیپلۆماسییەکانمان بەردەوام دەبین. هیوادارین ئێران و ئەمەریکا کێشەکانیان چارەسەر بکەن."