سوپای ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی دەوروبەری بارەگاکانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان دەکات
سوپای ئیسرائیل هۆشداریی بە دانیشتوانی ناوچەی سەحمەری باشووری ڕۆژهەڵاتی لوبنان داوە و داوایان لێدەکات، بەر لە بۆمبارانکردنی بنکە و بارەگاکانی حزبوڵڵا، دەوروبەری بارەگاکان چۆڵ بکەن.
پێنجشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەفیخای ئەدرەعی گوتەبێژی عەرەبیی سوپای ئیسرائیل، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "سوپای ئیسرائیل بەم نزیکانە هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵای لوبنان، ئامانجی هێرشەکەشیان شکست هێنانە بە هەوڵەکانی خۆ ڕێکخستنەوەی ڕێکخراوەکە لە باشووری وڵاتە".
ئەم هۆشدارییە دوای هەفتەیەک دێت لە ڕاگەیاندنی تەواوبوونی چەکداماڵینی حزبوڵای لوبنان لەو ناوچەیەی کە لە سنووری باشووری ئیسرائیلەوە تا ڕووباری لیتانی درێژدەبێتەوە.
لەمبارەیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "ڕێککەوتنی ئاگربەست کاتێکە کە دەبێت حزبوڵڵا بە تەواوی دابماڵرێت لە چەک، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵەکانی حکوومەتی لوبنان هەوڵێکی باشە بۆ چەککردنی حزبوڵڵا، بەڵام هێشتا ناتوانین بڵێن ئەمە هەنگاوێکی باشە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تەواوەتی لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان.
سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە ساڵی 2014، بەڵام تاوەکو ئێستا هێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی چەکدارانی حزبوڵڵای بەردەوامە.
ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو لە دوایین هێرشیدا ، ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی چڕی کردە سەر ناوچەکانی باشووری ئەو وڵاتە، بە تایبەت لە ناوچەکانی جەزین، مەحموودیە، دەمشەقییە و بریج.
لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023، حزبوڵـڵای لوبنان هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل و دواتر ئەویش وەڵامیدایەوە، لە تشرینی دووەمی 2024، هەردوولا ئاگربەستیان ڕاگەیاند، بەڵام ئیسرائیل بەردەوام بووە لە بۆردومانکردنی باشووری لوبنان، ئەمەش نێوانی هەردوو وڵاتی ئاڵۆزتر کردووە.