وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بارەی دۆخی حەلەب وەڵامی کوردستان24 دەداتەوە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت: ڕووسیا بە نیگەرانییەوە لەو هەواڵانە دەڕوانێت کە لە بارەی کوژراو و برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیلە لە هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب.
پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24ـدا گوتی: وڵاتەکەی بە نیگەرانییەوە لەو هەواڵانە دەڕوانێت کە لە لەبارەی ژمارەی کوژراو و برینداربوونی هاوڵاتیانی سیڤیلی گەرەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودە. زاخارۆڤا ئەوەشی خستەڕوو، پەلاماردانەکەی حەلەب بە هیچ شێوەیەک قبووڵکرا نییە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ئاماژەی بەوە دا، ئێمە بە وردی چاودێریی ڕەوشەکە دەکەین، کە لە سەرەتای مانگەوە باردۆخەکە لە شاری حەلەب ئاڵۆزی رژدی تێکەوت. پێکدادانی سەربازی لە نێوان سوپاسی عەرەبیی سووریا و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، لە هەر دوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود ڕووی دا.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، گرنگە کە ئاسایش و پارێزگاری پێویست بۆ هاووڵاتییانی سیڤیل لە حەلەب دابین بکرێت، "بێگومان وەک پێشتر وتم پەلاماردانەکە قبوڵکراو نییە."
ناوبراو دووپاتی کردەوە، بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا، تەنیا لە ڕێگەی دانوستانی بەرفراوانەوە بە دی دێت، بەجۆرێک کە داکۆکی لەسەر پەیمانی نیشتمانی بکرێتەوە و ماف و خواستی هەموو نەتەوەو نەژادەکانی کۆمەڵگەی سووریا بەتەواوی پارێزراو و مسۆگەر بێت.
شەوی 10ـی کانوونی دووەمی 2026، سوپای عەرەبیی سووریا بە فەرمانی ئەحمەد شەرع، هێرشی سەربازی بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب، دەست پێکرد.
سوپای عەرەبیی سووریا، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بە چەکی قورس و بە تانک، بۆردومانی ئەو دوو گەڕەکە کوردییەی کرد، بەمەش نزیکەی 150 هەزار هاووڵاتیی کە دانیشتووی ئەو گەڕەکانە بوون، ئاوارە بوون، هەروەها سەرچاوەیەک لە مانگی سووری کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، لە ئەنجامی بۆردومانە بەردەوامەکانی سوپای شەرع، تا ئێستا 216 هاووڵاتی سڤیل کوژران و 100ـی دیکەش بریندار بوونە.