شاسوار عەبدولواحید: زیاتر لە پێنج مانگ لە ژوورێکی تاکەکەسی دابووم

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت؛ دەستگیرکردنم پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا بە ناهەق دەستگیرکرام، ئێستاش ژمارەیەک لەو دۆسیانەی لە دژم تۆمار کراون، داخراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە یەکەم کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا، دوای ئازادبوونی بە کەفالەت گوتی: دوای 156 ڕۆژ لە زیندانی گەڕامەوە، هیوادارم بتوانم سوود لە ئەزموونی پێنج مانگی ڕابردووی زیندان وەرگرم.

گوتیشی: دەستگیرکردنم پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەبوو، بۆ ئەوەی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە دەرەوە نەبم و کاریگەریم لەسەر زیادکردنی دەنگەکانی جوڵانەوەکەم نەبێت.

شاسوار عەبدولواحید گوتی: هۆکاری دەستگیرکردنم ژمارەیەک داوای یاسایی بوون، لە ڕابردوودا 10 داوای یاسایم لە دژی تۆمارکرابوو، ئێستاش بەشێک لە داواکان یەکلا نەبوونەتەوە و دۆسییەکان دانەخراون.

هەروەها ئاماژە بەوە کرد، بە ناهەق دەستگیرکرابووم بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج مانگ لە ژووری تاکەکەسی دابووم.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 لە پێنج مانگی ڕابردووی زیندانیبوونی شاسوار عەبدولواحید، هیچ کاتێک لەسەر دۆسیەی وەبەرهێنان و خاوەن پشکەکانی پرۆژەی چاڤی لاند نەبراوەتە بەردەم دادگا.