پرۆگرامی جیهانیی خۆراک: لە سوودان تەنیا بەشی دوو مانگ خۆراک هەیە
پرۆگرامی جیهانیی خۆراک (WFP) کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، هۆشداریدا لە سوودان هاوکارییە خۆراکییەکان تەنیا بەشی دوو مانگ دەکەن و تەواو دەبن، ئەمەش لەکاتێکدایە ملیۆنان کەس دوای سێ ساڵ لە شەڕی ناوخۆی وڵاتە، بەدەست برسییەتییەکی کوشندەوە دەناڵێنن.
بەرنامەی جیهانیی خۆراک لە هۆشداری لە ئەگەری کارەساتێکی گەرورەیی مرۆیی لە سوودان دەدات و ڕایگەیاندووە، بەشەخۆراکەکان بۆ کەمترین ئاستی پێویست بۆ مانەوە لە ژیان کەم کراونەتەوە، بەڵام بەهۆی کەمی بودجەوە تا کۆتایی ئادار خۆراک هەیە و دواتر کۆگاکانی بە تەواوی بەتاڵ دەبن.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بەبێ دابینکردنی بودجەی بەپەلە، لە چەند هەفتەی داهاتوودا ملیۆنان کەس لە هاوکاریی خۆراک بێبەش دەبن.
سوودان سێ ساڵە لە شەڕێکی خوێناوی ناوخۆدایە، بەهۆی پێکدادانی سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، دەیان هەزار کەس کوژراون و لانیکەم 11 ملیۆن کەسی دیکەش ئاوارە بوون؛ زۆربەیان لە کەمپەکانی پەنابەریدا دەژین کە کەمترین پێداویستی ژیانیان تێدا دەست دەکەوێت.
بەرنامەی جیهانیی خۆراک ڕایگەیاندووە، بۆ بەردەوامبوونی چالاکییەکانی لە سوودان تا مانگی حوزەیرانی داهاتوو، پێویستی بە 700 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی هەیە.
لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، هەوڵەکانی گرووپی چوارقۆڵی نێودەوڵەتی (ئەمەریکا، میسر، سعوودیە و ئیمارات) هێشتا نەگەیشتووەتە ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگرتنی شەڕ. چوارشەممەی ڕابردوو، قاهیرە میوانداری کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا و یەکێتیی ئەفریقای کرد، بەڵام هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆ لە پرۆسەی ئاشتی سوودان بەدی نەکرا.
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کارەساتی برسییەتی لە شارەکانی "فاشر" لە باکووری دارفوور و "کادوقلی" لە باشووری کوردۆفان بڵاوبووەتەوە. هەروەها هۆشداری دەدرێت کە مەدەنییەکان لە 20 شاری دیکەی سوودان لە دۆخێکی هاوشێوەی برسییەتیدان، بەڵام بەهۆی پچڕانی پەیوەندییەکان و سەختی هاتوچۆ، پشتڕاستکردنەوەی هەموو داتاکان کارێکی ئەستەمە.
بەپێی ئامارەکانی بەرنامەی جیهانیی خۆراک، 21 ملیۆن کەس لە سەرانسەری سوودان بەدەست برسییەتییەکی توند دەناڵێنن. فۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ شاری "دنقلا" ڕایگەیاند، ئاوارەکان پێویستیان بە پەناگەی گونجاو هەیە و داوای هەوڵێکی گشتگیر لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوودان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان.
ڕێکخراوی یونسێف پێشبینی دەکات تا ساڵی 2026، زیاتر لە 33 ملیۆن کەس (کە دەکاتە دوو لەسەر سێی دانیشتووان) پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی بەپەلە بێت، کە نیوەیان منداڵن. یونسێف دەڵێت هاوکارییەکان تەنیا بۆ هێشتنەوەی منداڵانە لە ژیان، بەڵام بەراورد بە قەبارەی کارەساتەکە زۆر کەمە.
لە دارفوور، بەهۆی گەمارۆ و شەڕەوە، خەڵکی مەدەنی پەنایان بۆ خواردنی پێستی ئاژەڵ و پەلکی فستق بردووە. دوای 18 مانگ لە گەمارۆ، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە خرتووم ڕایگەیاند کە یەکەم کاروانی هاوکارییە مرۆییەکان گەیشتووەتە شاری فاشر، بەڵام ڕێکخراوە مرۆییەکان جەخت دەکەنەوە کە ناسەقامگیری و بەردەوامی شەڕ، هێشتا ڕێگرێکی گەورەن لەبەردەم گەیاندنی ئەو هاوکارییانەی کە ژیانی ملیۆنان کەسی پێوە بەندە.