وەزارەتی پەروەردە: ساڵی 2025 هەنگاوی گەورە لە بوارەکانی دیجیتاڵکردن و ژێرخان و گەڕانەوەی قوتابیان نراون
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتی ساڵانەی چالاکییەکانی بۆ ساڵی 2025 بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بە پێشکەوتنە بەرچاوەکانی کەرتی پەروەردە لە بوارە جیاجیاکاندا دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئێستا ملیۆنێک و 827 هەزار و 572 قوتابی لە زیاتر لە 7 هەزار و 500 قوتابخانەی حکوومی و ناحکوومی دەخوێنن، هەروەها لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی وازهێنان لە خوێندن، تەنیا لە ساڵی 2025دا، 8 هەزار و 836 قوتابی گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن، بەمەش کۆی گشتی گەڕاوەکان لە کابینەی نۆیەمدا گەیشتووەتە 42 هەزار و 107 قوتابی.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە بواری دیجیتاڵکردن و بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد، وەزارەتی پەروەردە چەندین پڕۆژەی گرنگی جێبەجێ کردووە، لەوانە خێراکردنی پڕۆسەی وەرگێڕانی بڕوانامەکان بۆ زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی کە تەنیا 6 خولەکی پێدەچێت. هەروەها ئەپڵیکەیشنی (ئی-هەڵسەنگاندن) خراوەتە گەڕ کە ڕێگە بە بەخێوکەران دەدات بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئاگاداری نمرە، خشتەی وانەکان، ئەرکی ماڵەوە و هەڵسەنگاندنی ئاستی منداڵەکانیان بن.
لە پاڵ ئەمانەشدا، (پلاتفۆرمی دیجیتاڵیی قوتابخانەکەم)بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی و بە سیستەمی زیرەکیی دەستکرد، پڕۆسەی فێربوونی مۆدێرنتر کردووە.
سەبارەت بە ژێرخان و بینای قوتابخانەکان، ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، 30 باڵەخانەی نوێ کراونەتەوە و 30 باڵەخانەی دیکەش لە قۆناغی دروستکردن دان.
لە پڕۆژەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ئاژانسی کۆیکای کۆری بە بەهای 12 ملیۆن دۆلار، بەردی بناغەی کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی و سەنتەری ڕاهێنانی مامۆستایان دانراوە، هاوکات 43 باڵەخانەی قوتابخانە لەلایەن وەزارەت و ڕێکخراوەکانی وەک (کوردستان فاوندەیشن، کۆیکا و ڕوانگە) نۆژەنکراونەتەوە، لە ڕووی تەکنەلۆژیاشەوە، بە بڕی 430 ملیۆن دینار، 200 تەختەی زیرەک (Smart Board) بۆ قوتابخانەکان دابین کراوە.
لە کەرتی وزە و پاراستنی ژینگەدا، وەزارەت توانیویەتی سیستەمی وزەی خۆر بۆ 32 قوتابخانە دابین بکات، کە 25یان لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و 7یان لەلایەن یونسێفەوە جێبەجێ کراون،هەروەها پڕۆژەی (ژینگەدۆستی) بۆ 100 قوتابخانە و هەڵمەتی چاندنی داری زەیتوون بە پاڵپشتی یەکێتی ئەورووپا ڕاگەیەندراوە بۆ باشترکردنی ژینگەی خوێندن.
وەزارەتی پەروەردە ئاشکرای کردووە، سەبارەت بە پڕۆگرامەکانی خوێندن، بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 زیاتر لە 22 ملیۆن کتێب بە کوالێتییەکی بەرز چاپ کراون و گۆڕانکاریی زانستی لە 22 پەرتووکدا ئەنجام دراوە، لە هەمان کاتدا گرنگییەکی زۆر بە خوێندنی کوردی لە دیاسپۆرا دراوە، بە جۆرێک دوو هەزار و 500 هاونیشتمانی لە خولەکانی فێربوونی زمانی کوردی بە شێوەی ئۆنلاین بەشدار بوون و 8 هەزار و 500 کتێبی کوردیش بۆ قوتابخانەکانی دەرەوەی وڵات نێردراون.
ئەم چاکسازی و پەرەپێدانە فراوانەی کەرتی پەروەردە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ مۆدێرنکردنی پڕۆسەی خوێندن و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ قوتابیان، وەزارەتی پەروەردە لە ڕێگەی پەرەپێدانی ژێرخان و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، هەوڵی داوە کوالێتی خوێندن بەرز بکاتەوە و پەیوەندی نێوان قوتابخانە و خێزان بەهێزتر بکات، ئەمەش لە پێناو پێگەیاندنی نەوەیەکی شارەزا و ئاشنا بە تەکنەلۆژیای سەردەم.