ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دۆخی ئێرانی تاوتوێ کرد
مشتومڕەکانی نوێنەرانی ئێران و ئەمەریکا بەرانبەر بە یەکتر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش توند بوون
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر داوای ئەمەریکا لە بارەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران کۆبووەوە و نوێنەرانی ئێران و ئەمەریکا بە زمانێکی توند بەرانبەر بە یەکتر قسەیان کرد، بەڵام کۆبوونەوەکە بەبێ دەرکردنی هیچ بڕیارێک بە کۆتا هات.
غوڵامحوسێن دەرزی، جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان نەیشاردەوە و ئاشکرای کرد، لە چەند هەفتەی ڕابردوو ژمارەیەک خەڵکی سڤیل و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، گوتی: پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیان دەکەم. هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەشێوەیەکی دڕندانە کوژران، لە کاتێکدا ئازایانە گیانی خۆیان کردووەتە قوربانیی بۆ پاراستنی گەلی ئێران.
ڕەخنەی لە ئیدارەکەی ترەمپ و سیاسەتی ئەمەریکا گرت و گوتی: شەرمە ئەمەریکا داوای کۆبوونەوەیەکی لەم شێوەیەی کردووە، بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بشێوێنێت و زانیاریی ساختە بڵاوبکاتەوە، هەروەها دەستوەردانی راستەوخۆی وڵاتەکەی لە شێواندنی دۆخی ئێران و تاوانی بەکرێگیراوەکانی بشارێتەوە.
گوتیشی: ئەمەریکا بانگەشەی ئەوە دەکات دۆستی گەلی ئێرانە و لە خەمی ئەوانە، کەچی لە هەمان کاتدا ڕێگە خۆشدەکات بۆ بەکارهێنانی هێز دژی ئێران و دۆخی ناوخۆی وڵاتەکە دەشێوێنێت، ئەم سیاسەتەی ئەمەریکا لە تەواوی جیهان بووەتە هۆی کوشتنی خەڵکێکی زۆری سڤیل و دروستکردنی قەیرانی مرۆیی و بڵاوبوونەوەی برسییەتی.
غوڵامحوسێن دەرزی ئاماژەیدا، سزا بێبنەما و تاکلایەنەکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران، پێشێلکارییەکی زەقن بەرانبەر بە مافە سەرەتاییەکانی ئێران و ڕێگرە لەوەی گەلی ئێران بە خۆشگوزەرانی بژی و تواناکانیان پێشبخەن.
لەلایەن خۆیەوە مایك واڵتز، نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، کە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر داوای وڵاتەکەی بەڕێوەدەچێت، گوتی "خەڵکی ئێران داوای ئازادی دەکەن بەشێوەیەك لە مێژووە تۆقێنەرەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران هاوشێوەی نەبووە، خۆپیشاندەری بێ چەك و ئاشتیخواز کە خەڵكی خۆیان خۆشدەوێت هاتوونەتە شەقام لەپێناو خواستەکانیان لە ئایندەدا.
گوتیشی: ئەمە پەیامی ئێمەیە، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و ئەمەریکا لەگەڵ خەڵکی ئێران دەوەستنەوە. ڕژێم دروشمی مەرگ بۆ ئەمەریکا و لەناوچوونی ئیسرائیل بەرز دەکاتەوە، ئێران ملیاران دۆلار لە بەرەوپێشبردنی پڕۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستی خەرج دەکات تا هەڕەشە لە دراوسێکانی و جیهان دەکات و پشتیوانی لە تیرۆر دەکات؛ ڕژێم یەکەم سپۆنسەری تیرۆرە لە جیهاندا و ژمارەیەکی بێشوومار لە خەڵكی بێ تاوان لە بەیرووتەوە تا بۆینس ئایرس کوژران و تووشی نەهامەتی بوونە، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی بەهۆی سەرکوتکاری و نەهامەتی خەڵکی ئێران دەوڵەمەند بوونە.
گوتیشی: چەندین دەیەیە ئێران سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێکداوە، پشتیوانکار و ڕێگەخۆشکەری هێرشەکەی حەماس بوو لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، حزبوڵڵا و حووسییەکان و میلیشیاکانی عێراقی پارەدار کرد، وەك کەتائیبی حزبوڵڵا کە بەردەوام هێرشیان کردووەتە سەر ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.