تۆم باراک: بەردەوامین لە هێورکردنەوەی دۆخی سووریا
تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا دەڵێت: لەگەڵ هەموو لایەنەکانی سووریا لە پەیوەندیی بەردەوام داین بۆ ئەوەی ڕێگری لە فراوانبوونی ئاڵۆزییەکانی بکەین و دۆخەکە هێور بکەینەوە.
تۆم باراک ئەمڕۆ هەینی 16ی کانوونی دووەمی 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بە کورتی لە بارەی شەڕ و ئاڵۆییەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای عەرەبیی سووریا بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی؛ ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی بەردەوامدایە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی سووریا.
ئاماژەیداوە، ئەمەریکا بە بەردەوامی و درێژایی کات هەوڵ دەدات لەڕێی گفتوگۆی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دۆخەکە هێور بکاتەوە و گرژییەکان نەمێنن.
پەیامەکەی تۆم باراک دوای لێدوانەکەی تۆم پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کوردستان24 دێت، کە دوێنێ پێنجشەممە پێی ڕاگەیاندین، تۆم باراکیان ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە تاوەکوو ئاسانکاری لە پرۆسەی دانوستانی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بکات.
دوای کۆنترۆڵکردنی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە ناوەندی شاری حەلەب، ئێستا شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای عەرەبی سووریا لە ناوچەکانی دێر حافر و مەسکەن لە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات بەردەوامە.
لەلایەن خۆیەوە هەسەدە حکوومەتی سووریا بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی 1ی نیسانی 2025 تۆمەتبار دەکات، کە بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە هەسەدە هێزەکانی لە هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود) کشاندەوە و هێزی ئاسایشی جێگیرکرد، بەڵام دوای شکستهێنانی دانوستانی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بە سووپای عەرەبی سووریا، لە 10ـی ئەم مانگەوە بە زیاتر لە 40 هەزار چەکدار و چەکی قورسەوە، سوپای عەرەبی سووریا هێرشی کردە سەر هەردوو گەڕەکە کورنشینەکەی حەلەب، دوای پێنج ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادانی، هەردوو گەڕەکە کەوتنە دەستی هێزەکانی سووریا.