وەزیری ناوخۆی نەمسا بۆ کوردستان24: بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچییەکان لەگەڵ کوردستان هەماهەنگی دەکەین

گێرهاد کارنەر، وەزیری ناوخۆی نەمسا، ئەنجامی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری ڤییەنا بە زۆر بەرهەمدار و گرنگ وەسف کرد.

 ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە هەردوولا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی کارە مەیدانییەکانیان بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییانەی کە مەترسی لەسەر ناوچەکە و جیهان دروست دەکەن.
لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24، وەزیری ناوخۆی نەمسا ڕایگەیاند: گفتوگۆکانیان لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان چەندین پرسی ستراتیژی گرتووەتەوە، کە گرنگترینیان بریتی بوون لە تێکشکاندنی تۆڕەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤ و بنبڕکردنی بازرگانی ماددەی هۆشبەر. 

کارنەر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم دیدارە درێژەپێدەری پەیوەندییە بەردەوامەکانی نێوان هەردوولایە، بەتایبەت دوای ئەو کۆبوونەوەیەی کە لە مانگی 03ی ساڵی ڕابردوو لە شاری لەندەن ئەنجامیان دابوو.

وەزیری ناوخۆی نەمسا باسی لەوەش کرد، دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێکی سەرەکی بووە لە گفتوگۆکانیان و جەختیان لەسەر پێویستی کاری پێکەوەیی کردووەتەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری.

 ناوبراو دووپاتی کردەوە، حکوومەتی نەمسا بە فەرمی کار لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ داڕشتنی شێوازە نوێیەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، چونکە هەردوولا هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئاڵنگارییەکان پێویستیان بە هەماهەنگییەکی چڕ و ئاڵوگۆڕی زانیاری زیاتر هەیە.

گێرهاد کارنەر ڕوونی کردەوە، ئاستی گفتوگۆکانیان زۆر ورد و چڕوپڕ بووە و ئامانجی سەرەکییان دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەشە لە دژی قاچاخچییەکان و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، کە ئەمەش خزمەت بە ئاسایشی نێودەوڵەتی و پاراستنی هاووڵاتییان لە هەردوولا دەکات.