خەوتنی کۆتایی هەفتە تووشبوون بە خەمۆکی لە گەنجان کەم دەکاتەوە

توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، ڕێگەدان بە هەرزەکاران و گەنجان بۆ ئەوەی لە پشووەکانی کۆتایی هەفتەدا زیاتر بخەون، نەک تەنیا ماندووێتی هەفتەکەیان دەردەکات، بەڵکو پارێزگاری لە تەندروستیی دەروونیان دەکات و مەترسیی تووشبوونیان بە خەمۆکی کەمدەکاتەوە.

توێژینەوەکە لەلایەن تیمێکی توێژەران لە زانکۆی ئۆریگۆنی ئەمریکی ئەنجامدراوە و دەریخستووە، ئەو گەنجانەی تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 24 ساڵدایە و لە ڕۆژانی پشوودا کاتژمێری زیاتر دەخەون، ئەگەری تووشبوونیان بە هەندێک نەخۆشیی دەروونی، لەنێویاندا خەمۆکی بە ڕێژەی 41% کەم دەبێتەوە.

میلیندا کاسمان، پسپۆڕی دەروونی لە زانکۆی ئۆریگۆن دەڵێت "پزیشکان و پسپۆڕان، هەمیشە لە بارەی خەوتن ئامۆژگاری دەدەن کە پێویستە هەرزەکاران بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لە 24 کاتژمێری شەو و ڕۆژدا، 8 بۆ 10 کاتژمێر بخەون، بەڵام ئەم ڕێنماییە بۆ زۆرێک لە گەنجان و خەڵک بەگشتی لە کار و خوێندنی ڕۆژانەدا جێبەجێ ناکرێت."

ئەو پسپۆڕە دەشڵێت: "سروشتی هەرزەکار وایە کە مەیلی شەونخوونیان هەیە، بۆیە لێگەڕێن لە پشووەکانی کۆتایی هەفتەدا ئەو کاتژمێرە خەوانەی لە دەستیان چووە، قەرەبووی بکەنەوە، چونکە ئەمە سوودێکی زۆری بۆ پاراستنی دەروونی هەرزەکارەکان هەیە."

ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری زانستی (Journal of Affective Disorders) بڵاوکراوەتەوە، پشتی بە داتاکانی ڕاپۆرتێکی نیشتمانیی تەندروستی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەستووە کە لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2023 ئەنجامدراوە. تێیدا چاودێریی وردی کاتەکانی خەو و باری دەروونی و نیشانەکانی خەمۆکی لە لای مێردمنداڵان کراوە.

کاسمان ئاماژەی بەوەش کردووە، خەمۆکی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی "پەککەوتن" لەنێو تەمەنی 16 بۆ 24 ساڵیدا؛ مەبەست لە پەککەوتنیش لێرەدا، بوونی ئاستەنگییە لە ئەنجامدانی ئەرک و کارەکانی ڕۆژانە، وەک دواکەوتن یان نەچوون بۆ سەر کار و خوێندن و نەتوانینی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکان.