دۆسیەی وشکەساڵی دەبرێتە پەرلەمانی عێراق

ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دوو پرس کۆدەبێتەوە.

هەینی، 16ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا کارنامەی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی بڵاو کردەوە.

بە گوێرەی کارنامەکە، پەرلەمانی عێراق ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، تاوتوێی قەیرانی ئاو و دیاردەی وشکەساڵی لە وڵات دەکات.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەر یەک لە د. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق 'بەو پێیەی بەرپرسە لە دۆسیەی دانوستانە نێودەوڵەتییەکانی ئاو' و عەون زیاب عەبدوڵڵا، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، بۆ خستنەڕووی وردەکارییەکان و پلانی حکوومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە، لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە دەبن و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران دەدەنەوە.