هەسەدە: سوپای عەرەبیی سووریا بە چڕی دێر حافر بۆردومان دەکات

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاشکرای دەکات، لەم ساتەدا شاری دێر حافر کەوتووەتە ژێر هێرشێکی چڕی تۆپخانەکانی سوپای عەرەبیی سووریا. 

هەینی، 16ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە ڕاگەیەندراوێکی بە پەلەدا وردەکاریی دۆخی مەیدانیی شاری (دێر حافر)ـی خستە ڕوو، کە ئێستا ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی بووەتەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەم ساتەدا شاری دێر حافر کەوتووەتە بەر شاڵاوێکی چڕی تۆپبارانکردن، کە لە لایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە ئەنجام دەدرێت.

هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم تۆپبارانە ڕووداوێکی کتوپڕ نییە، بەڵکو هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان و هەڵکشانی بەرچاوی توندی هێرشەکان  بۆ سەر ناوچەکە لە ماوەی ڕابردوودا.

سەرچاوە مەیدانییەکانی هەسەدە جەخت دەکەنەوە کە بەکارهێنانی چەکی قورس و تۆپخانەکان لە لایەن هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریاوە، مەترسییەکی جیددی لەسەر سەقامگیریی شارەکە و ژیانی دانیشتووانەکەی دروست کردووە و دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەبات.

ئەمەش لە کاتێکدا ئێوارەی ئەمڕۆ، هێزەکانی هاوپەیمانان لە دێر حافر، لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بۆ مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ دیمەشەق لە ناوچەکە کۆبووەوە.

لای خۆیەوە فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، ڕایگەیاندبوو، سوپای عەرەبیی سووریا لە نزیک دێر حافر بڵاوەیان پێکراوە و بەردەوامن لە بۆردومانکردنی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و داوای کشانەوەی هێزە کوردییەکان دەکەن.