ئەسعەد شەیبانی: کوردەکان پایەی ڕەسەنی سووریان
وەزیری دەرەوەی سووریا، ڕایگەیاند، کوردەکانی سووریا پایەی ڕەسەنی وڵاتەکەمانن، لەگەڵ ئەوان دەتوانین سووریایەکی ئازاد بنیاد بنێین.
هەینی 16ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بە زمانی کوردی نووسیویەتی،"شوناسی سووریا لە کۆنەوە کۆکەرەوەی هەموو ڕۆڵەکانی بووە، برا کوردەکانمان پایەیەکی گرنگ و ڕەسەنی ئەم پێکهاتەیەن، ئەوان لە ئێمەن و ئێمەش لەوانین و ئایندەمان بەستراوە بە یەکەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە،"سووریایەکی بەهێز لە یەکڕیزی گەلەکەیدایە، لەگەڵ برا کوردەکانمان ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکان دەبینەوە بۆ هێنانەدی خەونەکانمان لە چوارچێوەی سووریایەکی ئازاد".
قسەکانی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا لە دوای ئەوە هات، هەینی 16ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، ئەمڕۆ هەینی 16ـی کانوونی دووەمی 2026، مەرسوومی کۆماریی ژمارە 13ـ بۆ ساڵی 2026 دەرکرد. مەرسوومەکە کۆمەڵێک بڕیار لەخۆدەگرێت کە پەیوەستن بە پێگەی یاسایی، کولتووری و سیاسیی کورد لە سووریا.
بە گوێرەی ماددەی یەکەمی مەرسوومەکە، بە فەرمی دان بەوەدا نراوە کە "هاووڵاتییانی کوردی سووریا بەشێکی بنەڕەتی و ڕەسەنی گەلی سووریان" و ناسنامەی کولتووری و زمانییان بە بەشێکی دانەبڕاو لە ناسنامەی نیشتمانیی فرەچەشنی سووریا ئەژمار کراوە.
هەروەها لە ماددەی دووەمدا، دەوڵەت پابەند کراوە بە پاراستنی فرەیی کولتووری و زمانی، هەروەها گەرەنتی مافی هاووڵاتییانی کورد دەکات لە بووژاندنەوەی کەلەپوور، هونەرەکانیان و پەرەپێدانی زمانی دایکیان لە چوارچێوەی سەروەریی نیشتمانیدا.
سەبارەت بە پرسی خوێندن، ماددەی سێیەم ئاماژە بەوە دەکات کە "زمانی کوردی زمانێکی نیشتمانییە" و ڕێگە دەدرێت لە قوتابخانە حکوومی و تایبەتەکاندا لەو ناوچانەی کە کورد ڕێژەیەکی بەرچاوی دانیشتووان پێکدەهێنێت، وەک بەشێک لە پڕۆگرامە بژاردەکان (الاختیاریة) یان وەک چالاکییەکی کولتووریی فێرکاری بخوێندرێت.