سووریا بڕیاری فەرمی لەبارەی خوێندنی زمانی کوردی دەردەکات
محەممەد عەبدولڕەحمان تورکۆ، وەزیری پەروەردە و فێرکردنی سووریا، ڕایگەیاند، کە بەپێی فەرمانی نیشتمانیی ژمارە (13)ی ساڵی 2026، زمانی کوردی بە فەرمی دەخرێتە ناو پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانە حکوومییەکانی وڵاتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێکی مێژووییە بۆ بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانی و ڕێزگرتن لە فرەچەشنیی پێکهاتەکان.
پاراستنی شوناس و مافی هاووڵاتیبوون
وەزیری پەروەردە لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە، ئەم بڕیارە دووپاتکردنەوەی شوناسی شارستانیی سووریایە کە لەسەر بنەمای پێکەوەژیان بنیات نراوە. گوتیشی: "پەسەندکردنی فێرکردنی زمانی کوردی هەنگاوێکی پێشکەوتووانەیە بۆ چەسپاندنی مافە کولتوورییەکانی هاووڵاتیانی کورد وەک بەشێکی دانەبڕاو لە نەتەوەی سووریا، ئەمەش پابەندبوونی دەوڵەت نیشان دەدات بە دابینکردنی مافی پەروەردەیی بۆ هەمووان بەبێ جیاکاری."
ڕێکارە جێبەجێکارییەکان
وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاندووە، دەستبەجێ دەستیان کردووە بە ئامادەکردنی ڕێنماییە پێویستەکان بۆ ئەوەی فەرمانەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕیارە پڕۆسەی خوێندنەکە بەپێی ستانداردە ئەکادیمییەکان و پرەنسیپە پەروەردەییە نیشتمانییەکان بێت، بەجۆرێک کە هاوسەنگی لە نێوان زمانەکاندا بپارێزرێت.
قوتابخانە وەک چەترێکی نیشتمانی
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە قوتابخانەکانی سووریا دەبنە شوێنی کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان و وەک پردێکی لێکتێگەیشتن کار دەکەن بۆ قووڵکردنەوەی سەربەخۆیی نەتەوەیی، ئامانج لەم بڕیارە دروستکردنی نەوەیەکی نوێیە کە شانازی بە هەمەجۆریی کولتووری خۆیەوە بکات و لە هەمان کاتدا پابەندی یەکپارچەیی خاک و گەلی سووریا بێت.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ هەینی، 16ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆکی سووریا مەرسوومێکی کۆماریی دەرکرد، کە تێیدا دان بە بەشێک لە مافەکانی کورددا دەنێت، هەروەها زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی ناساند و بڕیاری یەکلاکەرەوەی دا بۆ گەڕاندنەوەی ڕەگەزنامە بۆ ئەو کوردانەی بەهۆی سەرژمێریی ساڵی 1962ـەوە لێی بێبەش کرابوون.