مەزڵووم عەبدی و تۆم باراک گەیشتنە هەولێر

مەزڵووم عەبدی و تۆم باراک لە پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە، گرژییەکانی سووریا و ڕێککەوتنی 10ـی ئادار تاوتوێ دەکەن. 

سەرچاوەیەک بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا؛ گەیشتنە هەولێر.

بڕیارە تۆم باراک و مەزڵووم عەبدی، ڕێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025، لە نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا؛ شەڕەکەی ئەم دواییەی هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب و چەند پرسێکی دیکەی گرنگ تاوتوێ بکەن. 

کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەسەدە و سوپای سووریا لە ماوەی ڕابردوودا پەرەیان سەندووە. بەتایبەتی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب، پێکدادانی قورس ڕوویداوە و بووەتە هۆی شەهیدبوونی دەیان هاووڵاتی کورد و ئاوارەبوونی هەزارانی دیکە.

ئەم گرژییانە بوونەتە هەڕەشە لەسەر ڕێککەوتننامەی 10ی ئاداری ساڵی پار. ئەو ڕێککەوتنە لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا واژۆ کرابوو.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کۆبوونەوەی هەولێر بەشێکە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکە. هاوکات، سینەم محەمەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە ئەمریکا، گوتی واشنتن بێدەنگیی شکاندووە و هەڵوێستی خۆی بەرامبەر دیمەشق گۆڕیوە.