د. ئەحمەد سەفار بۆ کوردستان 24: لایەنە شیعەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن کاردەکەن

نێوەندگیری كراوه‌ تا بابەتی مووچەی فەرمانبەران بە سیاسی نەکرێت

د. ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
د. ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

د. ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان 24 رایگەیاند، پەیوەستکردنی یاسای قەرز بە بودجە پەیوەندییەکی ئەوتۆیان بەیەکەوە نییە، بەڵکو شیعەکان بە یەکەوە داوادەکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی یاسای قەرز بێت، هەروەها بۆ ساڵی داهاتووش بڕگەیەکی وەک مەرج زیاد بکەن، وەک ساڵانی رابردوو نەبێت، ئەگەر هەولێر پابەندی رادەستکردنی نەوت نەبێت ئەوا بڕەکەی لە بودجە لێ کەمبکەنەوە.

د. ئەحمەد سەفار گوتی: "لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، لایەنە شیعەکان کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەقۆزنەوە و وەک بانگەشه‌ی هەڵبژارن بەکاری دەهێنن".

لەبارەی رۆڵی لیژنەی دارایی لە زیادکردنی مەرج بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاردەری لیژنەی دارایی بۆ کوردستان 24 گوتیشی: "هەر بڕیارێک شیعەکان ئارەزوویان بێت، بە زۆرینە و کەمینە تێی دەپەڕێنن، بەتایبەت لیژنەی دارایی (23) ئەندامی تێدایە، کە شەشیان کوردن، بەڵام کورد یەکدەنگ نین".

بۆ رێککەوتنیش لەگەڵ هەرێمی کوردستان، د. ئەحمەد سەفار روونیكرده‌وه‌، "ئاراستەیەک لە پەرلەمان دروستبووە، کە چارەسەری کێشەی تێپەڕاندنی یاسای قەرز بکەن، بەبێ کورد تێپەڕێندرا،  بۆ ئەوەش دەستیان بە نێوەندگیری کردووە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی بابەتی مووچەی فەرمانبەران بە سیاسی نەکرێت".

بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئاماژه‌یكرد، "ئەو پەرلەمانتارانە لە لایەنی سیاسی جیاواز پێکهاتوون و بریتین لە ئەندامانی دەوڵەتی قانوون، فەتح و لایەنە ئیسلامییەکان، ژمارەیان حەوت بۆ هەشت پەرلەمانتار دەبێت".

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سامر زیبان، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی دارایی عێراق رایانگەیاندبوو، هەر رێککەوتنێکی شاندی هه‌رێمی كوردستان و عێراق لە دەرەوەی رێککەوتنی یاسای قەرز پێوەی پابەند نابن و ئەژماری ناکەن".