گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم: لە ناوچەیەکی پڕ ئاڵۆزیدا، کوردستان بەشێکە لە چارەسەر

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر پێویستیی بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراتی و فرەنەتەوەیی و فرەئایین دەکاتەوە کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت.

ئەمڕۆ شەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2026، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەبارەی سەردانەکەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ سووریا؛ قسەی بۆ هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 کرد. 

دڵشاد شەهاب گوتی، مەزڵووم عەبدی و تۆم باراک لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەتەوە؛ ئێوارەی ئەمڕۆش، لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێ دەکرێت.  

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "ئێمە پێمان وایە سووریای تازە، دەبێت لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیانەی فرەنەتەوەیی، فرەئایینی و فرەمەزهەبی بێت و جێگەی هەمووانی تێدا ببێتەوە."

دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەش دا "ئێمە شانازی دەکەین کە لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزیدا، نەک بەشێک نین لە ئاڵۆزییەکان، بەڵکوو بەشێکین لە چارەسەرەکان." هەروەها جەختی لەسەر ڕۆڵی ئاسانکاری و پشتیوانی هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی، "ڕۆڵی ئاسانکاری و بە یەک گەیاندن دەبینین."

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دا و ڕوونیکردەوە "ئەم پەیوەندییەش لە هەمان چوارچێوەی هەوڵەکاندا بووە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی سووریا."

سەبارەت بە مافی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، "ئەوەی گرنگە مافی براکانمانە لە ڕۆژئاوا."

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا؛ گەیشتنە هەولێر.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2024، سەرۆک بارزانی چەندین هەنگاوی گرنگ و ستراتیژی بۆ پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ناوە. 

سەرۆک بارزانی بەردەوام دڵنیایی داوەتە وڵاتان، کورد لە سووریا نابێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکان، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت مافە نەتەوەییەکانی پارێزراو بن.