شاندی دەم پارتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان گەیشتە دوورگەی ئیمراڵی
شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، سەردانی زیندانی دوورگەی ئیمراڵییان کرد.
شاندەکەی دەم پارتی کە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، مەدحەت سانجار پەرلەمانتاری ڕحا و فایەق ئۆزگور ئێرۆڵ پارێزەری نووسینگەی یاسایی سەدە، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان چوونەتە دوورگەی ئیمراڵی، ئەم جوڵە سیاسییە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ پەیوەندیکردن بە ڕێبەری PKK لەناو زینداندا.
سەردانەکەی ئەمڕۆی شاندەکە وەک یەکەم چالاکیی لەو جۆرە لە ساڵی 2026 دا ئەژمار دەکرێت، کە تێیدا نوێنەرانی سیاسی و یاسایی هەوڵی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکان دەدەن لەگەڵ ئۆجەلان.
ئەم دیدارە نوێیە دوای دابڕانێکی کورت دێت، چونکە دوایین سەردانی شاندی ئیمراڵی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ڕێکەوتی 2 ی کانوونی یەکەمی 2025 ئەنجامدرابوو، ئەو سەردانەی کۆتایی ساڵی ڕابردوو، وەک 11 یەمین گەشتی شاندەکە بۆ دوورگەکە تۆمارکرابوو، پرسی دیدارەکانی ئیمراڵی هەمیشە وەک یەکێک لە بابەتە هەستیار و سەرەکییەکانی ناو کایەی سیاسیی تورکیا و پرسی کورد دەمێنێتەوە.