هەسەدە: بەهۆی پێشێلکردنی ڕێککەوتنەوە، شەڕێکی سەخت لەگەڵ سوپای عەرەبیی سووریا لە باشووری تەبقا دەستیپێکرد
هەسەدە ڕایگەیاند، بەهۆی پێشێلکردنی ڕێککەوتنە واژۆکراوەکان و پێشڕەویکردن بۆ ناوچەی شۆڕشی هێل لە دەرەوەی چوارچێوەی دیاریکراو، پێکدادانی توند لە باشووری تەبقا لەنێوان هێزەکانیان و سوپای عەرەبیی سووریا دەستیپێکردووە.
شەممە 17ی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئێستا هێزەکانیان لە باشووری ناوچەی تەبقا لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەختدان لەگەڵ سوپای عەرەبیی سووریا دان.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدە، هۆکاری هەڵگیرسانی ئەم شەڕە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سوپای عەرەبیی سووریا ئەو ڕێککەوتنەیان پێشێل کردووە کە لە نێوانیاندا واژۆ کرابوو.
هەسەدە ئاشکرای کردووە، سوپای عەرەبیی سووریا سنووریان بەزاندووە بۆ ناوچەی شۆڕشی هێل لە باشووری تەبقا، لە کاتێکدا ئەم ناوچەیە لە دەرەوەی چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە بووە، و بەو هۆیەوە پێکدادانی توند لە ناوچەکە دروست بووە.
هەینی، 16ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، نووسیبووی: بڕیارێکی یەکلاکەرەوەمان سەبارەت بە دۆخی مەیدانیی ڕۆژهەڵاتی حەلەب دەرکرد و، هێزەکانمان بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات دەکشێنینەوە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە، گوتیشی: لە وەڵامی داواکاری وڵاتانی دۆست و نێوەندگیر، هەروەها بۆ دەربڕینی نیازپاکی لە بەرانبەر جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانمان دا.