لیندزی گراهام بۆ دیمەشق: ئەگەر هێرش بکەنە سەر کورد و هەسەدە، سزای قەیسەر کارا دەکەینەوە
سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توند ئاراستەی حکوومەتی سووریا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هەر جۆرە بەکارهێنانێکی هێزی سەربازی لە دژی کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی سزاکانی یاسای قەیسەر بە شێوەیەکی زۆر قورستر و وێرانکەر.
شەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2026، لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەگەری هێرشی حکوومەتی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی کورد لە سووریا ئاشکرا کرد و نووسیویەتی: ئەگەر حکوومەتی نوێی سووریا هێزی سەربازی لە دژی کوردانی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەکاربهێنێت، ئەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیرییەکی گەورە لە سووریا و ناوچەکەدا.
ئاماژەی بەوەش دا، هەر جووڵەیەکی لەو شێوەیە، زیاتر لەسەر ئەو ڕژێمە نوێیە دەزانین.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، گراهام هەڕەشەی کاراکردنەوەی سزاکانی قەیسەری کردووە و دەڵێت: ئەگەر حکوومەتی سووریا پەنا بۆ کاری سەربازی ببات، من هەموو توانای خۆم بەکاردەهێنم بۆ زیندووکردنەوەی سزاکانی یاسای قەیسەر، بە جۆرێک کە زۆر لە جاران توندتر بن.
ئەم لێدوانەی گراهام هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان دەربارەی پێکدادان لە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هەسەدە لە چەند ناوچەیەکی سووریا.