هەسەدە پڕوپاگەندەکانی دیمەشق ڕەتدەکاتەوە
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە فەرمی ئەو دەنگۆ و هەواڵانەیان ڕەتکردەوە کە باس لە چوونە ناوەوەی چەکدارانی سەر بە گرووپەکانی دیمەشق بۆ ناو شاری تەبقە دەکەن.
فەرماندەیی ئەم هێزانە دوپاتی کردەوە، تەواوی شەڕڤانانیان لە پێگە و سەنگەرەکانی خۆیاندا جێگیرن و هیچ گۆڕانکارییەک لە نەخشەی مەیدانیی ناوچەکەدا ڕووی نەداوە.
هاوکات، ڕاگەیەندرا، هێزەکانیان بە سەرکەوتوویی پرۆسەیەکی کێوماڵکردنی فراوانیان لە شاری مەنسوورە ئەنجامداوە و ناوچەکەیان لە بوونی هەر جۆرە شانەیەکی تێکدەر پاککردووەتەوە کە ویستبێتیان ئاسایش و ئارامیی هاووڵاتیان بخەنە مەترسییەوە.
ئەم پەرەسەندنە ئەمنییانە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم گێژاوێکی سیاسیی گەورەدایە و ململانێی هێزەکان گەیشتووەتە ئاستێکی هەستیار، لە ناو جەرگەی ئەم ئالنگارییانەدا، گرنگیی هەبوونی سەرکردایەتییەکی حەکیم وەک سەرۆک مەسعود بارزانی زیاتر لە هەموو کاتێک دەردەکەوێت، وەک چەترێکی کۆکەرەوە بۆ هەموو لایەنەکان، دیدگای بارزانی هەمیشە لەسەر بنەمای پاراستنی خاکی نیشتمان و ڕێگریکردن لە تێکچوونی هاوسەنگییەکان بووە، سیاسەتی وردی جەنابی سەرۆک کە هەمیشە خەمخۆری یەکەمی هەر بستێکی خاکی کوردستانە، وەک نەخشەڕێگەیەک دەبینرێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانانە و گەیشتن بە کەناری ئارامی.