بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: سوپای عەرەبیی سووریا بە هێرشەکانی دەرگا بۆ داعش دەکاتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هۆشدارییەکی توند ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هێرش و پێشێلکارییەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچەکانیان، مەترسیی ڕاستەقینەی لەسەر زیندانی دەستگیرکراوانی داعش لە ڕەققە دروست کردووە و ئەگەر دۆخەکە کۆنترۆڵ نەکرێت، کارەساتێکی جیهانی لێ دەکەوێتەوە.
شەممە 17ی کانوونی دووەمی 2026. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، نەک تەنیا هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتیی ناوخۆیی، بەڵکوو تەواوی ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە دیاریکراوی هۆشداری داوە لەبارەی مەترسییەکان بۆ سەر زیندانی دەستگیرکراوانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە شاری ڕەققە و ڕایگەیاندووە بەردەوامیی هێرشەکان و ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە دەوروبەری ناوچەکە، دەبێتە هۆی تێکدانی دۆخی ئەمنیی زیندانەکە، ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ چالاکبوونەوەی شانەکانی داعش کە لێکەوتەی کارەساتباری بۆ سووریا و ناوچەکە و جیهانیش دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە، درک بە مەترسیی دۆخەکە بکەن و بەرپرسیارێتی هەڵبگرن، داواش دەکات بەپەلە کار بکەن بۆ سنووردانان بۆ پێشێلکارییەکانی سوپای عەرەبیی سووریا و ڕێگریکردن لە هەر کارێک کە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەبار دەبات.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەختیشی کردووەتەوە، پاراستنی زیندان و کەمپەکان بەرپرسیارێتییەکی بە کۆمەڵە، هاوکات دووپاتی دەکاتەوە ئەوان پابەندن بە پاراستنی گەلانی ناوچەکە و لە ئاست هیچ هەڕەشەیەکدا دەستەوەستان نابن.