سێنتکۆم: سەرکردەیەکی باڵای ڕێکخراوی قاعیدەمان لە سووریا کوشت

فەرماندەییی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا سەرکردەیەکی باڵای قاعیدەی کوشت. هاوکات ڕایگەیاند: ئەم بە ئامانجکردنە، لە تۆڵەی کوژرانی دوو سەربازی ئەمەریکی و وەرگێڕێک بوو لە مانگی ڕابردوودا.

شەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرماندەییی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوێنی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا هێرشێکی سەرکەوتوویان ئەنجام داوە. هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی سەرکردەیەکی سەر بە ڕێکخراوی قاعیدە، کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەبووە بەو چەکدارەی داعشەوە کە بەرپرسیار بوو لە هێرشەکەی ڕۆژی 13ـی مانگی ڕابردوو، کە تێیدا دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێک کوژران.

بەپێی زانیارییەکانی سێنتکۆم، تیرۆریستە کوژراوەکە ناوی "بیلال حەسەن جاسم" ـە. ناوبراو سەرکردەیەکی تیرۆریستیی بە ئەزموون بووە پیلانداڕێژەری هێرشەکان بووە و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەبووە بەو چەکدارەی داعشەوە کە مانگی ڕابردوو لە شاری تەدمور لە سووریا هێرشی کردە سەر کارمەندانی ئەمریکی و سووری و بووە هۆی کوژران و برینداربوونیان.

هاوکات براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، سەبارەت بەم ئۆپەراسیۆنە ڕایگەیاند: "کوژرانی کارمەندێکی تیرۆریستی کە پەیوەندی هەبووە بە گیانلەدەستدانی سێ هاووڵاتیی ئەمریکییەوە، نیشانەی سووربوونی ئێمەیە لە بەدواداچوون و ڕاوەدوونانی ئەو تیرۆریستانەی هێرش دەکەنە سەر هێزەکانمان."

کووپەر هۆشداریی توندیشی دا و گوتی: "هیچ شوێنێکی ئارام بوونی نییە بۆ ئەوانەی هێرش ئەنجام دەدەن، پیلان دادەڕێژن، یان هاندەرن بۆ هێرشکردنە سەر هاووڵاتییان و جەنگاوەرانی ئەمریکی. دڵنیا بن دەتاندۆزینەوە."

وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکەی 13ـی مانگی ڕابردوو، سێنتکۆم زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوانی لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "هاوک ئای سٹرایک" لە سووریا دەست پێ کرد. لەم چوارچێوەیەدا، هێزەکانی ئەمریکا و هێزە هاوبەشەکان توانیویانە زیاتر لە 100 ئامانجی ژێرخانی و کۆگای چەکی داعش بپێکن، ئەوەش بە بەکارهێنانی زیاتر لە 200 مووشەک و تەقەمەنی.

هەروەها سێنتکۆم ئاماری چالاکییەکانی ساڵی ڕابردووی خستە ڕوو، کە تێیدا هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان لە سەرانسەری سووریا زیاتر لە300  چەکداری داعشیان دەستگیر کردووە و زیاتر لە 20 چەکداریشیان کوشتووە، بەمەش ئەو تیرۆریستانەیان لەناوبردووە کە هەڕەشەی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر ئەمریکاو ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکرد.

ڕۆژی شەممە، 13ـی کانوونی یەکەمی 2025، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردبووە و تێیدا ئاماژەی دابوو، لە ئەنجامی بۆسەیەک لە سووریا لە لایەن داعشەوە سێ هاووڵاتی ئەمەریکی کوژران و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنیدابوو زۆر بە سەختی تۆڵە لە داعش دەکەنەوە و گورزی کوشندەی لێ دەدەن.