عێراق و فەرەنسا؛ دۆخی تاران و ئاسایشی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی عێراق بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، زنجیرەیەک پەیوەندی و دیداری دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی بڕیاربەدەست دەستپێکردووە، ئەمەش پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ تارانی پایتەختی ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، فوئاد حوسێن پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ژان نۆئێل بارۆت، وەزیری کاروباری ئەوروپا و دەرەوەی فەرەنسا ئەنجامدا. لەو پەیوەندییەدا هەردوولا باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەرەپێدانی هەماهەنگییە سیاسییەکان کرد. تەوەری سەرەکی باسەکەش تایبەت بوو بە گرژییە بەردەوامەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و کاریگەرییەکانیان لەسەر ئاسایشی ناوچەکە.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێداچوونەوەی بە هەڵوێستی وڵاتەکەی و ئەوروپادا کرد سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تاران لەم قۆناغەدا.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، فوئاد حوسێن لە سەردانێکی فەرمیدا بگاتە تاران. بەگوێرەی زانیارییەکان، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ عەباس عێراقچی هاوتا ئێرانییەکەی و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە. ئامانجی سەرەکی سەردانەکە تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی بەغداد و تاران و دۆۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ هێورکردنەوەی ئەو هەڵچوونە توندەی لە نێوان واشنتن و تاراندا دروستبووە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندی تەلەفۆنی جیاوازی لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەنجامداوە، تێیدا جەخت لەسەر پێویستی دیالۆگ و یەکخستنی هەڵوێستەکان کراوەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەر پەرەسەندنێکی سەربازی کە سەقامگیری ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە.
ئەم جموجۆڵانەی عێراق دوای ئەوە دێت محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2025دا ئاشکرای کردبوو، هەوڵێکی جدی هەیە بۆ ئەوەی بەغداد ببێتە میوانداری دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا. لای خۆشیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشوازی لەم دەسپێشخەرییەی عێراق کردووە بۆ زیندووکردنەوەی مێزی گفتوگۆکان لەگەڵ واشنتن.
لە کۆتایی پەیوەندییەکاندا، لایەنەکان ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامی هەماهەنگییەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا بە مەبەستی پشتیوانیکردنی دیالۆگ و کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان.