لە عێراق فلامینگۆ رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە

ساڵانە لەگەڵ ساردبوونی کەشوهەوا، هەزاران باڵندەی فلامینگۆ لە ئەوروپا و دەریای قەزوینەوە بەرەو باشووری عێراق بەڕێدەکەون. ئەوان بەدوای ئارامی و ژینگەیەکی لەباردا دەگەڕێن، بەڵام زۆری ناخایەنێت لە کەناراوەکان و زۆنگاوەکان دەگیرسێنەوە و دەکەونە ناو بۆسەی ڕاوچییەکانەوە. فلامینگۆ کە هێمای جوانیی زۆنگاوەکانە، ئێستا لە لێواری لەناوچووندایە.

دکتۆر بەسام لامی، سەرۆکی ڕێکخراوی مەزرەعە بۆ پاراستنی ژینگە، بە کوردستان24 دەڵێت: "زیادەڕەوی زۆر لەسەر باڵندە کۆچەرییەکان هەیە، بەتایبەت فلامینگۆ کە لای دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان گرنگییەکی زۆری هەیە. ژینگەی عێراق لە مەترسیدایە و بەهۆی ئەم ڕاوکردنەوە، هەڕەشەی ئەوەمان لەسەرە زۆنگاوەکان لە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانی یونسکۆ دەربکرێن."

بەگوێرەی یاساکانی عێراق، ڕاوکردنی باڵندە کۆچەرییەکان قەدەغەیە و سزاکەی دەگاتە 3 بۆ 7 ساڵ زیندانیکردن. لەژێر فشاری ڕێکخراوەکانی ژینگەشدا، حکومەت کڕین و فرۆشتنی ئەم باڵندانەی لە بازاڕەکاندا قەدەغە کردووە.

زیا عەلی (فرۆشیاری باڵندە) دەڵێت: "پێشتر بۆ بژێوی ژیان کڕین و فرۆشتنمان پێوە دەکردن، بەڵام دوای قەدەغەکردنی لەلایەن حکومەتەوە، وازمان هێناوە."

بە پێچەوانەوە، هەندێکی دیکە هێشتا بەردەوامن، وەک سەباح ساڵح کە دەڵێت: "بژێوی ژیانمان لەسەر ئەمەیە، ڕاوچییەکان بە تاپڕ ڕاوی دەکەن و ئێمەش لێیان دەکرێینەوە."

لە سنووری پارێزگای بەسڕا، شارەدێی "ئەلدیر" وەک ناوەندێکی فرۆشتنی ئەم باڵندانە دەناسرێت. هەرچەندە پێشتر بە ئاشکرا لەسەر شەقامەکان سەدان فلامینگۆ دەفرۆشران، بەڵام ئێستا بەهۆی سزاکانەوە مامەڵەکردن پێیانەوە سنووردار کراوە و چۆتە ژێر زەمین، زۆربەی باڵندەکان لە کۆتاییدا لە چێشتخانەکاندا دەبینرێنەوە.

بەشارە عەبدولئەمیر، ڕاوچییەکی کۆنە و پیشەکەی لە باوباپیرانییەوە بۆ ماوەتەوە، جیاوازیی نێوان ڕاوەکان ڕوون دەکاتەوە: "ڕاوکردنی فلامینگۆ بە تۆڕ کارەساتە، چونکە بەیەکجار نزیکەی هەزار دانە ڕاو دەکرێت، بەڵام بە چەک لە دوو ڕۆژدا تەنیا 20 دانە ڕاو دەکرێت. پێویستە ڕاوکردن بە تۆڕ بەتەواوی قەدەغە بکرێت چونکە هۆکاری سەرەکیی لەناوچوونی باڵندەکانە."

فلامینگۆکان بە ئومێدی "ئارامی" دەگەنە باشووری عێراق، بەڵام لەنێوان تۆڕی ڕاوچییەکان و کەمتەرخەمیی لە جێبەجێکردنی یاسادا، ئەم باڵندە جوانانە بەرەو مەرگ و ژینگەی عێراقیش بەرەو هەژاربوون دەچێت. پاراستنی فلامینگۆ تەنها پاراستنی باڵندەیەک نییە، بەڵکو پاراستنی ناسنامەی جیهانیی زۆنگاوەکانە.