مەلا بەختیار دژی دوورخرانەوەی لە کاندیدی سەرۆککۆماری سكاڵای تۆمار کرد
زۆربەی ئەو بەربژێرانەی ناویان لە کێبڕكێی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەرهێنراوە، ئەمڕۆ لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان تۆمار کرد.
ژمارەیەکی زۆر لەو بەربژێرانەی لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، دوور خرابوونەوە، ئەمڕۆ لە دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵایان تۆمار کرد. ژمارەیەک لەو بەربژێرانە خۆیان ڕاستەوخۆ سکاڵایان تۆمار کرد و هەندێکیشیان لە ڕێگەی پارێزەرەکانیانەوە سکاڵایان تۆمار کردووە.
لە ناو بەربژێرە کوردەکاندا، مەلا بەختیار لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە و جوان فوئاد مەعسووم، بۆ خۆی، سکاڵایان تۆمار کرد.
بە گوێرەی دەستوور، تا ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، واتە 20ـی کانوونی دووەم، ئەو بەربژێرانە دەتوانن سکاڵا لە دادگای فیدراڵی تۆمار بکەن و دادگاش لە ماوەی سێ ڕۆژدا وەڵامی سکاڵاکانیان دەداتەوە.
کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، لە چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی، سەبارەت بە سکاڵای ئەو بەربژێرانە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.
سێشەممەی پێشوو، سەرچاوەیەک لە نووسینگەی مەلا بەختیار، سیاسەتمەداری کورد، بەکوردستان24ی ڕاگەیاند، تانە لە بڕیاری دوورخستنەوەی کاندیدبوونی ناوبراو بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەدەن.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو دوو کێشەیە دەستپێکردووە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کاری پێویستی بۆ دەکەن. ڕوونیشی کردەوە، هۆکاری ڕەتکردنەوەی کاندیدبوونەکەی پەیوەندی بە "بڕوانامە و ڕەگەزنامەی دایکی"ـیەوە هەبووە.
سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، تا ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، مۆڵەتیان لەبەردەستە بۆ پێشکەشکردنی تانە لەو بڕیارە.
مەلا بەختیار، کەسایەتیی سیاسیی دیاری کوردستان و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە 5ی کانوونی دووەمی 2026 بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید کردبوو.