شارەوانیی هەولێر 40 هەلی کار بۆ گەنجان رادەگەیەنێت

وێنە، بازاڕی هەولێر 'ئەرشیف'
وێنە، بازاڕی هەولێر 'ئەرشیف'

ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، بە بۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانەوە ئامادەکاری بۆ فێستیڤاڵێکی گەورە لە سەنتەری شار دەکات کە دەبێتە دەروازەیەک بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی شارەوانیی هەولێر، ئامانجی فێستیڤاڵەکە ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ ئەو گەنجانەی کە خاوەن بەهرە و دەستڕەنگینن، تاوەکو لە رێگەیەوە بڕاندەکانیان نمایش بکەن یان خواردنی کوردەواری و کاری دەستی تێدا ساغ بکەنەوە.

بۆ ئەو مەبەستە، شارەوانیی هەولێر (40) کۆشک (کابینە)ـی دابین کردووە و لە رێگەی زیادکردنی ئاشکراوە بەکرێیان دەدات. ماوەی کارکردن لەو کۆشکانە مانگێک دەخایەنێت، لەسەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە تاوەکو دوای جەژن.

شارەوانیی هەولێر وادەی زیادکردنە ئاشکراکەی دیاری کردووە کە رۆژی یەکشەممە، 15ـی شوباتی 2026، دەبێت و هەموو هاووڵاتییەک مافی بەشداریکردنی هەیە.

داواش لە ئارەزوومەندان دەکات بۆ وەرگرتنی زانیاریی و تەواوکردنی ڕێکارەکان، سەردانی بەشی زیادکردنی ئاشکرا لە دیوانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بکەن.