وەزیری دەرەوەی ئێران: چۆڵکردنی بنکەی عەین ئەسەد بەڵگەی بەهێزبوونی پەیوەندی ئەمنی ئێران و عێراقە

عەباس عراقچی ڕایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی عەین ئەسەد بەڵگەی بەهێزبوونی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان ئێران و عێراقە.

یەکشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق. عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، گوتی،"هەوڵدەدەین بۆ ڕێککەوتنێکی هاوبەشی هاوکاری ئەمنی لەگەڵ عێراق، هاوکات هاوکاری ئەمنی و سەربازی نێوان ئێران و عێراق بەرزدەکەینەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد،"ئێران  ئامادەیە هاوکارییە ئابووری و سیاسی و کولتوورییەکان لەگەڵ عێراق فراوانتر بکات"، جەختی لەوەشکردەوە، "کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی عەین ئەسەد بەڵگەیە لەسەر بەهێزبوونی هاوکارییە ئەمنییەکانمان لەگەڵ عێراق".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "عێراق توانای خۆی سەلماندووە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت لە بەرەوپێشبردنی هاریکاریی ناوچەیی، ئەمەش بە لای ئێرانەوە زۆر گرنگە".

یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانـی پایتەختی ئێران.

بڕیارە لە میانەی سەردانەکەیدا، فوئاد حوسێن لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوە و عەلی لاریجانی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی ئێران کۆببێتەوە.

تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکانی فوئاد حوسێن بریتی دەبن لە تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، پێشهاتەکانی ناوچەکە و گرژییەکانی ئێستا، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی پتەوکردنی سەقامگیری و پاڵپشتیکردنی گفتوگۆی ناوچەیی.

دوای پێشوازی لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عراقچی، فوئاد حوسێن لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی "ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتینە تارانی پایتەخی ئێران، لە میانەی سەردانەکەدا ژمارەیەک دیداری گرنگ لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرۆکی ئەنجوومەنی شورا و وەزیری دەرەوە ئەنجام دەدەین".