مەزڵووم عەبدی: سەرەڕای هەوڵەکانمان بۆ ڕاگرتنی شەڕ، هێرشەکان بەردەوامن
مەزڵووم عەبدی قسەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع کرد و جەخت دەکاتەوە، "هەوڵەکانمان بۆ ڕاگرتنی شەڕ بەردەوامن".
میدیاکانی نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کردووە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، راگرتنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەستیان تاوتوێ کردووە.
هاوکات مەزڵووم عەبدی بە ئاژانسی (ئانها)ـی ڕاگەیاند، "سەرەڕای هەموو هەوڵ و کۆششەکانمان بۆ ڕاگرتنی پەرەسەندنەکان و کارکردن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام هێرشەکان تا ئێستاش بەردەوامن."
هەروەها ئاشکرای کرد: "بە گەلەکەمان دەڵێین، هەوڵەکانمان بۆ هێورکردنەوە و ڕاگرتنی شەڕ بە یارمەتی لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە، بۆیە داوا لە گەلەکەمان دەکەین کە لە دەوری شەڕڤانانمان کۆببنەوە و ورە و باوەڕی بەهێزیان هەبێت."
ئەمە لە کاتێكدایە، سەرەڕای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزەکانی سووریای دیموکرات لەسەر داوای ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ناوچکە، لە دێرحافر و مەسکەنە کشانەوە، بەڵام هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامن.
بە گوێرەی میدیاکانی سووریا، سوپای وڵاتەکە دەستی بەسەر ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی و پێگەی سەربازی لە پارێزگای دێرەزووردا گرتووە. لە لایەکی دیکەوە هەسەدە ڕایگەیاند، سێ هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریایان لە بەنداوی تشرین تێکشکاندووە و ڕێگرییان لە پێشڕەوییەکانیان کردووە.