تۆم بەڕاک و ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە
نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ سووریا لەگەڵ سەرۆکی سووریا لە دیمەشق کۆبووەوە، هەردوولا تاوتوێی دوایین و پێشهات و دۆخی سووریایان کرد.
یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە دیمەشق، پێشوازیی لە تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ سووریا کرد.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا شەرع، جەختی لە یەکپارچەیی خاک و سەروەریی تەواوەتیی سووریا کردەوە، هاوکات ئاماژەی بە گرنگیی گفتوگۆ و دیالۆگ لەم قۆناغە هەنووکەییەدا کرد.
هاوکات شەرع ڕایگەیاند: پرۆسەی بونیادنانەوەی سووریا دەبێت بە بەشداریی کارای سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی سووریا بێت، لە پاڵ بەردەوامبوونی هەماهەنگییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان سووریا و ئەمریکا، هەروەها دواین گۆڕانکاری و پێشهاتە هەرێمییەکان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.