شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نووری مالیکی کۆبووەوە
مالیکی جەختی کردەوە لەوەی پاڵپشتی لە گەلی کورد دەکات
K24 - هەولێر
شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، ئەمڕۆ لە بەغدا لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە و مالیکی پاڵپشتی لە گەلی کورد کرد.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی نووری مالیکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، مالیکی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردووەتەوە لە "چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەروەها جێبەجێکردنی بنەماکانی دەستوور بەبێ سەپاندنی رای هیچ لایەنێک، لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق لە هەموو لایەکەوە".
لەو کۆبوونەوەیەدا کە تێیدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی رەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانیش کراوە، مالیکی جەخی کردووەتەوە لەوەی پاڵپشتی لە گەلی کورد دەکات بەشێوەیەک لەگەڵ بنەما یاسایی و دەستوورییەکان بگونجێت، ئەمەش بەپێی راگەیەندراوەکە.
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە و گفتوگۆی زیاتر بکەن بۆ رێککەوتن لەبارەی یاسای دابەشکردنی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی عێراقدا.
شاندی دانوستاندکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەی شەش رۆژە لە بەغدان بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەری یەکجاری بۆ کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی حکومی هەرێمی کوردستان، هەروەها رێککەوتن لەسەر بودجەی 2021ـی عێراق.