ئیلهام ئەحمەد: داوا لە هاووڵاتیان دەکەم وریابن و نەکەونە داوی دەنگۆکان

(وێنە؛ ئەرشیف) ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر
(وێنە؛ ئەرشیف) ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر

ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: "داوا لە هاووڵاتیان دەکەم لەوپەڕی وریاییدا بن و نەکەونە داوی دەنگۆکان."

ڕاشیگەیاند؛ "سەرجەم ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە کۆمەڵکوژی لە حەسەکە دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە و بەتەواوی هەڵبەستراون."

ئاماژەی بەوەش کرد؛ ئ"ەم چەواشەکارییانە لەلایەن گرووپە توندرەوەکانی هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا بڵاودەکرێنەوە، بە مەبەستی تێکدانی ئاگربەست و نانەوەی گرژیی عەشایەری و زەمینەسازی بۆ هێرشکردنە سەر حەسەکە و کۆبانی.

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە؛ "ئەوان پابەندی ئاگربەستن و کار دەکەن بۆ یەکخستنی تەواوەتی هێزەکان لە حەسەکە."

دوێنێ یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی بەرگریی سووریا، وەک جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە نوێیەکەی نێوان دیمەشق و هەسەدە بە فەرمی ڕاگرتنی تەواوەتیی شەڕ و ئاگربەستی لەسەرجەم بەرەکان ڕاگەیاند، هاوکات ڕاسپاردەی ئاراستەی هێزەکانی سوپا کرد کە پارێزگاری لە سەروماڵی هاووڵاتیان بکەن. 

وەزارەتەکە ڕایگەیاند: لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنەی ئەحمەد شەرع لەگەڵ مەزڵووم عەبدی ئەنجامی داوە، ڕادەگەیەنین ئاگربەست لەسەرجەم بەرەکان و ڕاگرتنی گشتگیری کردەوە سەربازی و جەنگییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی پێکدادان چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.

وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوەش داوە، ئامانجی ئەم هەنگاوە بریتییە لە "ئامادەکاری بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی ئارامی  بە مەبەستی گەڕانەوەی دانیشتووان بۆ ناوچەکانیان، هەروەها زەمینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە خزمەتکردنی هاووڵاتیاندا.