نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان: کۆنگرەی سەندیکا زۆر دواکەوتووە
ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نابێت مەسەلەی پێشێلکاریی بەرانبەر رۆژنامەنووسان بۆ مەبەستی دیکە بەکار بهێنرێت.
دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەم، 2026، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئێمە دەمانەوێت بەدواداچوون بۆ ئەو پێشێلکارییانە بکەین کە بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان دەکرێن و لایەنە فەرمییەکانیان لێ ئاگەدار بکەینەوە. چونکە کاری رۆژنامەوانی پێویستی بە کەشێکی ئازاد هەیە.
ئەو، هەروا گوتی: پێشێلکاری کاڵا نییە تاکوو بۆ مەبەستی دیکە بەکار بهێنرێت. کەمبوونەوەی پێشێلکاریی بەرانبەر رۆژنامەنووسان، مانای بوونی کەشی دیموکراسییە.
نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: کاری سەرەکیی ئێمە باشترکردنی گوزەرانی رۆژنامەنووسانە. بە گوێرەی بڕگەی 45 لە یاسای رۆژنامەگەریی کوردستان، دەبێت رۆژنامەنووسان وەک فەرمانبەرانی حکوومی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. بەڵام ئەم بڕگەیە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە. ئێمە پێشتر نەخشەرێگەیەکمان دایە پەرلەمانی کوردستان بۆ ریفۆرم لە یاسا و چارەکردنی گرفتی کاری میدیایی. هەرچەندە سپۆنسەریشمان بۆ ئەو نەخشەرێگەیە هەبوو، بەداخەوە دواکەوت.
ئازاد حەمەدەمین، جەختی کردەوە لەوەی "سەندیکای رۆژنامەنووسان هەوڵ دەدات، مافی خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ رۆژنامەنووسان دابین بکرێت. جگە لەوەش هیوادارین وەک فەرمانبەران، زەوییان بەسەردا دابەش بکرێت و بۆ ئەوەش لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هاوکاریی دەکەین."
نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: راستە، کۆنگرەی سەندیکا زۆر دواکەوتووە، ئەوەش لە دەرەوەی خواست و ئیرادەی ئێمەیە. هیوادارین لە داهاتوودا کۆنگرەیەکی باش و گشتگیر بکەین و تێیدا کیشە و گرفتەکانی سەندیکا چارە بکەین.