مەترسیدارترین تیرۆریستەکانی جیهان لە زیندانەکانی سووریان

کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە دێرەزوور و ڕەققە، بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە یەکشەممە بووە، بەڵام یەکێک لە مەترسیدارترین بابەتە ئەمنییەکانی سووریا و ناوچەکەی هێنایەوە پێش، ئەویش پرسی زیندان و ئەندامە زیندانیکراوەکانی داعشە، کە چەندان سەرکردە و چەکداری بیانی تێدایە.

ساڵانێکە ئەو زیندانانە بەردی بناغەی هاوکێشە ئەمنییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان پێکهێناوە، بەو پێیەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە ) بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە نێوان ترسی بەردەوامی هەوڵی هەڵهاتن یان هێرش بە ئامانجی ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان، بەڕێوەیان دەبرد.

بەڵام بە گۆڕانی نەخشەی کۆنترۆڵکردنی خاک و هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا و گرووپە توندڕەوەکان، پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە: ئەگەر هەسەدە نەبێت، کێ مەترسیدارترین تیرۆریستەکان لە سووریا کۆنتڕۆڵ دەکات؟

بۆمبێکی تەوقتکراو

ئەم زیندانانە هەزاران ئەندامی داعش لەخۆدەگرن، چەکداری ناوخۆیی و بیانی، لەنێویاندا ئەمیر و بەرپرسانی مەیدانی و ئەمنی داعش هەن، کە بەشداری شەڕەکانی دژ بە هێزە ناوخۆیی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە.

ئەمەش وایکردووە زیندانەکان ببنە ئامانجێکی بەردەوام بۆ ئەو ڕێکخراوە، کە چەندین جار هەوڵی شکاندنیان داوە، دیارترینیان ئەو هەوڵە بوو کە لە ساڵی 2022 شانە نووستووەکانی داعش هەوڵیدا زیندانی "سەناعە" لە حەسەکە بشکێنن و ئەندام و ئەمیرە دەسیگیرکراوەکانیان ئازاد بکەن، ئەمەش بەڵگەیەکە لەسەر گەورەیی ئەو مەترسیەی هەیە لە بارەی زیندانەکانی ژێر دەستی هەسەدە، بۆیە هەر هەڵەیەک لە بارەی ئەم زیندانانەوە ئەگەری هەیە مەترسی و کارەساتی گەورە لە ناوچەکە و تەواوی جیهان دروست بکات. 

سیناریۆی ئەگەری بۆ بەڕێوەبردنی زیندانەکان:

یەکێک لە سیناریۆکان بریتییە لە گواستنەوەی بەڕێوەبردنی زیندانەکان بۆ هێزەکانی حکوومەتی سووریا یان دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە سووریا.

 لێکەوتەی مەترسییەکان:

·        گواستنەوەی دۆسیەی داعش لە ئیدارەیەکی ناوخۆییەوە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پاڵپشتی دەکرێت بۆ ئیدارەی دەوڵەتێک کە تاوەکو ئێستا دڵنیایی نییە لە بارەی ئایندەی حکومڕانییەوە.

·         نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی سەبارەت بە چارەنووسی چەکدارانی بیانی.

·        پرسیار سەبارەت بە توانای دیمەشق بۆ هەڵگرتنی بارگرانی ئەمنی و لۆجستیکی ئەم پرسە ئاڵۆزە.

هەروەها ئەم سیناریۆیە دەتوانێت ڕێگایەکی نوێ بۆ مشتومڕی نێودەوڵەتی بکاتەوە سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئەم دەستگیرکراوانە بۆ وڵاتی ڕەسەنی خۆیان یان دادگاییکردنیان لە ناوخۆدا.

سیناریۆیەکی دیکە بریتییە لە بەڕێوەبردنێکی هاوبەش یان کاتی لەسەر بنەمای چاودێری ڕاستەوخۆی ئاسایشی سووریا، لەگەڵ هەماهەنگیی هەواڵگریی سنووردار بە هەماهەنگیی لایەنە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان، لەوانەشە لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە بە شێوەیەکی بەردوام چاوەدێری بکرێت هەرچەندە ئەمەیان ئەگەرێکی لاوازە چونکە ئەم بژاردەیە وەک چارەسەرێکی کاتی سەیر دەکرێت بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنی دروست نەبێت.

بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندارەکانە ئەوەیە، لە ئەنجامی کشانەوەی هەسەدە، لاوازی و بۆشایی ئەمنی دروست دەبێت، چونکە تاوەکو ئێستا جێگرەوەیەکی بەهێزی ئەمنی نییە تاوەکو بتوانێت کۆنتڕۆڵی زیندانەکان بکات و ئەم دۆسیە یەمنییە گرنگە بگرێتە ئەستۆ. 

بۆیە لەم سیناریۆیەدا ئەگەری ئاژاوەگێڕی لە زیندانەکان، هەڵاتنی بەکۆمەڵ، یان هێرشکردنە سەر زیندانەکان لەلایەن شانەکانی داعش کە لە ناوچەکانی سووریا چالاکن، زیاتر دەبێت.

لە کۆتاییدا، کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە ) لە دێرەزوور و ڕەققە، تەنیا بە گۆڕانکاری لە هێڵەکانی کۆنترۆڵکردن لەسەر نەخشەی سووریا پێوانە ناکرێت، بەڵکو بە مەترسییە کۆنترۆڵکراوەکانی نێوان چوار دیوارەکەی زیندانەکاندا، پێوانە دەکرێت، کە مەترسیدارترین ئەندامانی داعش و ئەمیرەکانی ئەو ڕێکخراوەیان جڵەوگر کردووە.