کۆبوونەوەی یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دواخرا

کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی. وێنە: ئەرشیف.
کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی. وێنە: ئەرشیف.

سەرەڕای چاوەڕوانییەکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگیـیەوە، بەڵام زانیارییەکان ئاماژە بە دواخستنی کۆبوونەوەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دەکەن. هاوکات ئەندامانی چوارچێوەکە هۆکارەکەی بۆ بوونی وردەکاریی تەکنیکی و سیاسی و یەکلانەبوونەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار دەگەڕێننەوە.

بڕیار بوو ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، کۆبوونەوەی هەفتانەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە مەبەستی گفتوگۆکردن و یەکلاکردنەوەی ناوی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوە بچێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکان کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدراوە و بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە.

لەو بارەیەوە فەلاح خەفاجی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە کوردستان24ـیی ڕاگەیاندووە: "هێشتا بە تەواوی ڕوون نییە کە ئایا کۆبوونەوەکە دواخراوە یان نا، بەڵام ئەوەی دڵنیایە گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی کاندیدی سەرۆک وەزیران بەردەوامییان هەیە."

لەلایەکی دیکەوە، سەعد سەعدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24، ڕەتیکردەوە کە هیچ بڕیارێک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەمڕۆدا هەبووبێت. 

ناوبراو سەبارەت بە هەڵوێستی بزووتنەوەکەیان لەسەر کاندیدکردنەوەی نووری مالیکی یان هەر کەسایەتییەکی دیکە، جەختی کردەوە: "هەڵوێستی ئێمە لە چوارچێوەی بڕیاری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگیدایە و تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی فەرمیی تاکلایەنەمان ڕانەگەیاندووە."

هاوکات حەسەن شەمەری، سەرکردە لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، ئاشکرای کرد کە هێشتا کات ماوە و چوارچێوەی هەماهەنگی بەم زووانە کاندیدی خۆی ڕاناگەیەنێت.

شەمەری هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە، "هێشتا هەندێک وردەکاریی ماون پێویستیان بە چارەیە، جگە لەوەش دەبێت سەرەتا پرسی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکرێتەوە ئینجا نۆرەی سەرۆک وەزیران دێت."