ئەردۆغان: ئێمە ئەحمەد شەرع بە تەنیا جێناهێڵین
سەرۆککۆماری تورکیا، تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە، بە تایبەتی پێشهاتەکانی سووریا و ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی ئێران. ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە، کە ئامانجی سەرەکییان پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریایە و هاوکات باوەڕی وایە تاران توانای تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی هەیە کە ڕووبەڕووی بووەتەوە.
دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە گوتارێکدا سەبارەت بە دۆخی سووریا ڕایگەیاند: "بە وردی چاودێریی سەرجەم پێشهات و گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی سووریا دەکەین.
ئاماژەی بەوەش دا، کە تورکیا دەستەوەستان نەوەستاوە و هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە و بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا.
سەرۆککۆماری تورکیا، گوتی: "سەردەمی تیرۆر لە ناوچەکەماندا بەسەرچووە و کۆتایی هاتووە، ئێستا کات زۆر بە نرخە و هیچ بوارێک بۆ بەفیڕۆدانی نەماوە".
لە بارەی سەرکردایەتیی سووریا، ئەردۆغان بە ڕاشکاوی باسی لەوە کرد، ئێمە ئەحمەد شەرع، بە تەنیا جێناهێڵین. هاوکات ستایشی ڕەفتاری هێزە سەربازییەکانی سووریای کرد.
ئەردۆغان لە بارەی گەڵی سووریاوە، ڕایگەیاند: گەلی ئەو وڵاتە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕوانی سەقامگیری دەکات، هەروەها گەلەکە تامەزرۆی ئاشتین و هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەو ئارەزووەیان دروست بکات.
سەبارەت بە ڕێکەوتنی هەسەدە و دیمەشق، سەرۆک کۆماری تورکیا، جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە خاڵکانی نێو ڕێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت. گوتیشی: پێویستە پەلە بکرێت لە تێکەڵکردنی هەسەدە بە حکوومەتی سووریا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەردۆغان باسی لە دۆخی ئێران کرد و گوتی: ئێستا ئێران لەنێو شەقام و کۆڵانەکاندا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تاقیکردنەوە و ئاڵۆزی بووەتەوە."
ئەردۆغان هۆشداریی دا کە ئەو جموجۆڵانەی لە شەقامەکانی ئێراندا دەبینرێن بێ مەبەست نین و ئاشکرای کرد، ئامانج لەم ڕووداوانە، زیانگەیاندنە بە ئاسایشی نەتەوەیی و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی لەو وڵاتەدا.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا ئەردۆغان پشتیوانیی خۆی بۆ سەقامگیریی دراوسێکەی دەربڕی و بە گەشبینییەوە ڕایگەیاند: ئێمە بڕوای تەواومان هەیە کە دەوڵەت و گەلی ئێران دەتوانن ئەم قەیران و دۆخە سەختە تێبپەڕێنن.