ڕێبەر ئەحمەد و ڕۆبەرت پێتیت کار بۆ پەلکێشکردنی تاوانبارانی داعش بۆ دادگا نێودەوڵەتییەکان دەکەن

بەمەبەستی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنی چەکدارانی داعش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، شاندێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ڕێبەر ئەحمەد، لەگەڵ ڕۆبەرت پێتیت، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری دادگاییکردنی سەربەخۆ و بێلایەن کۆبووەوە. 

ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە کە لە سویسرا بەڕێوەچوو، گفتوگۆکردن بوو لەسەر میکانیزمەکانی کۆکردنەوەی بەڵگە و دۆکۆمێنتە یاساییەکان سەبارەت بەو تاوانە دڕندانەیەی کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و گروپە توندڕەوەکان بەرانبەر بە گەلی کورد ئەنجامیان داوە.

لەم دیدارەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە، بەتایبەت لە بواری دادوەری و چەسپاندنی یاسادا. 

تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان تەرخانکرا بۆ پرسی هەماهەنگی لە کۆکردنەوەی زانیارییە مەیدانییەکان و وەرگرتنی گەواهیی قوربانیانی جەنگ، بە مەبەستی ئامادەکردنی دۆسیەیەکی یاسایی بەهێز کە ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ پەلکێشکردنی تاوانباران بۆ بەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکان و وەرگرتنی سزای دادپەروەرانە.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ ناساندنی تاوانەکانی داعش وەک جینۆساید لەسەر ئاستی جیهانی، وەزیری ناوخۆ و یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی کاراتەر بگێڕێت لە پشتگیریکردنی پڕۆسەی دادگاییکردنەکان، تاوەکو دڵنیایی بدرێت لەوەی هیچ تاوانبارێکی ئەم ڕێکخراوە لە سزای یاسایی ڕزگاری نابێت و مافە مەعنەوی و یاساییەکانی قوربانییان دەستەبەر دەکرێت.