سبەی لە سنووری قەزای ئامێدی پشووی فەرمییە

پارێزگاری دهۆک بڕیاری دا سبەی سێشەممە 20 کانوونی دووەمی 2026، لە سەرجەم قوتابخانەکانی سنووری قەزای ئامێدی بکرێتە پشووی فەرمی. 

ئەم بڕیارە وەک ڕێکارێکی پارێزگاری بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی قوتابییان و مامۆستایان دراوە، ئەوەش بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، دروستبوونی بەستەڵەک و بەردەوامیی بارینی بەفر لەو ناوچەیە.

بەپێی بڕیاری د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، بەهۆی ئەو بارودۆخە نالەبارەی کەشوهەوا کە ڕووی لە ناوچە شاخاوییەکان کردووە، پشووەکە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری قەزای ئامێدی دەگرێتەوە. 

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پێشبینییەکان ئاماژە بە بەردەوامیی شەپۆلی سەرما و دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ دەکەن لەسەر ڕێگاوبانەکانی ئەو قەزایە.

قەزای ئامێدی کە ناوچەیەکی شاخاوییە و دەکەوێتە باکووری پارێزگای دهۆک، ساڵانە لە وەرزی زستاندا ڕووبەڕووی شەپۆلی توندی سەرما و بەفربارین دەبێتەوە، ئێستاش بەهۆی ئەو شەپۆلە جەمسەرییەی کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، پلەکانی گەرما لەم قەزایە بۆ ژێر سفری سیلیزی دابەزیون، ئەمەش وای کردووە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، ناوەندەکانی خوێندن دابخەن.