کەشتییەکی بەریتانیا لە گەرووی هورمز کرایە ئامانج
سوپای بەریتانیا رایگەیاند، کەشتییەکی بارهەڵگریان لە گەرووی هورمز کراوەتە ئامانج و ئاگری گرتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی ئاداری 2026، دەستەی کارپێکردنی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا کە سەر بە سوپای ئەو وڵاتەیە، " (UKMTO) رایگەیاند، کەشتییەکی بارهەڵگر لە گەرووی هورمز رووبەڕووی هێرشێک بووەتەوە و بەهۆی پێکرانی بە مووشەکێکی نەناسراو، ئاگری گرتووە.
دەستەکە روونیشی کردەوە، کەشتییە ئامانجگیراوەکە داوای یارمەتی کردووە و تاقمەکەی سەرقاڵی چۆڵکردنین.
پێشتریش، "دەستەی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا" ئاماژەی بەوە کردبوو، ئاگاداریی رووداوێکیان پێگەیشتووە لە دووری 25 میلی دەریایی لە باکووری رۆژئاوای "رەئسولخەیمە" لە ئیمارات.
بەگوێرەی راگەیەنراوی دەستە بەریتانییەکە، کاپتنی کەشتییە کۆنتێنەرهەڵگرەکە رایگەیاندووە، کەشتییەکەیان زیانی بەرکەوتووە بەهۆی هێرشێکەوە گومانی مووشەکێکی نەناسراوی لێ دەکرێت.
دەستەکە ئەوەشی خستە روو، قەبارەی زیانەکان لە ئێستادا نەزانراوە، بەڵام لێکۆڵینەوە بەردەوامە و خۆشبەختانە تەواوی ئەندامانی تاقمەکە سەلامەتن.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئێران، سوپای پاسداران گەرووی هورمزی داخستووە و رێگە بە هیچ کەشتییەکی بازرگانیی وڵاتان نادات پێیدا تێپەڕن.
لە ماوەی 12 رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک کەشتیی بازرگانی لە لایەن سوپای پاسدارانەوە کراونەتە ئامانج، چونکە ویستبوویان بە گەرووەکەدا تێپەڕن.
تا ئێستا سوپای پاسداران بە فەرمی بە ئامانجگرتنی کەشتییە بەریتانییەکەی رانەگەیاندووە.