باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەنجوومەنی ئاسایش چاوی لە ئاست پێشێلکارییەکان کوێر کردووە
ئەمیر سەعید ئیروانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رەخنەی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد بەهۆی بێدەنگبوونی بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر وڵاتەکەی. ئیروانی ئاشکرای کرد، تا ئێستا بەهۆی ململانێکانەوە هەزار و 349 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە نۆ هەزار شوێنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاری وێران کراون.
لە وتارێکدا لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیروانی رایگەیاند؛ ئەمڕۆ 11مین رۆژی ئەو شەڕە دڕندانەیە لە 28ـی ئاداری 2016، دژی گەلی ئێران دەستیپێکردووە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا و ئیسرائیل بە شێوەیەکی بێوچان و بە ئەنقەست ژێرخانی مەدەنی و هاووڵاتیان دەکەنە ئامانج و هیچ رێزێک بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان دانانێن.
بەگویرەی ئەو ئامارە نوێیەی دیپلۆماتکارە ئێرانییەکە خستیەروو، تا ئێستا نۆ هەزار و 669 شوێنی مەدەنی وێران بوون، لەوانەش؛ حەوت هەزار و 943 یەکەی نیشتەجێبوون، هەزار و 617 ناوەندی بازرگانی و خزمەتگوزاری، 65 قوتابخانە و دامەزراوەی پەروەردەیی، 32 سەنتەری پزیشکی و دەرمانسازی، 13 باڵەخانەی سەر بە کۆمەڵەی مانگی سوور هەروەها ویرانکردنی چەندین دامەزراوەی وزە.
ئیروانی بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی بە جێگەی داخ وەسف کرد و گوتی: "سەرەڕای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش بەرپرسیاری یەکەمی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتییە، بەڵام چاوی لەم پێشێلکارییە ئاشکرایانە کوێر کردووە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، نوێنەری ئێران جەختی کردەوە، وڵاتەکەی دەستەوەستان نابێت و "هەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ بەرگریکردن لە گەل، خاک و سەربەخۆیی ئێران دەگرێتەبەر و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی خێرا بنێن بۆ راگرتنی ئەم ململانێ خوێناوییە."