مەسرور بارزانی: ئامانجمان مسۆگەرکردنی پشتیوانیی نێودەوڵەتییە بۆ گەلی کوردستان

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی "ماڵی کوردستان"ی لە داڤۆس کردەوە. لە گوتارێکدا وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی بەشداریی هەرێم لەم کۆڕبەندە جیهانییەدا، ستراتیژیی حکوومەتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان و کردنەوەی دەرگای کوردستان بە ڕووی سەرمایەی بیانی خستەڕوو.

دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، "ماڵی کوردستان"ـی لە داڤۆس کردەوە.

سەرۆک وەزیران، لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێک لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، خۆشحاڵیی خۆی بە کۆبوونەوەی شاندی هەرێم دەربڕی و ڕایگەیاند: ماڵی کوردستان لە ڕۆژانی داهاتوودا دەبێتە ناوەندێک بۆ پێشوازیکردن لە میوانان و دروستکردنی پەیوەندیی ستراتیژی.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بە گرنگی کۆڕبەندی داڤۆس کرد وەک یەکێک لە گرنگترین سەکۆ جیهانییەکان کە تێیدا بڕیاربەدەستانی سیاسی و سەرکردە ئابوورییەکان کۆدەبنەوە.

هاوکات ڕوونی کردەوە، "ئەم کۆڕبەندە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر ئاڵنگاری و دەرفەتەکان، هەروەها سەکۆیەکە بۆ ئێمەی کورد تا بەشدار بین لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و ئابووری."

مەسرور بارزانی، لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی شاندی بازرگانی و کەرتی تایبەتی هەرێم و ڕایگەیاند، ئەم بەشدارییە دەرفەت دەدات بە وەبەرهێنەرانی کورد کە لە نزیکەوە لەگەڵ هاوتا جیهانییەکانیان گفتوگۆ بکەن و پردی پەیوەندی دروست بکەن، بە ئامانجی "کردنەوەی دەرگای زیاتر بۆ کوردستان بە ڕووی وەبەرهێنەرانی جیهانیدا."

سەرۆک وەزیران سوپاس و پێزانینی ئاراستەی بازرگانان و سپۆنسەرانی "ماڵی کوردستان" کرد کە ڕۆڵیان لە سەرخستنی ئەم پڕۆژەیەدا هەبووە.

مەسرور بارزانی بە گەشبینییەوە ئاماژەی بە فراوانبوونی قەبارەی شاندی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "بەخۆشحاڵییەوە ئەمساڵ ژمارەی بەشداربووانمان زۆرە، ئەمەش نیشانەی گەشەسەندنە؛ ڕەنگە بۆ ساڵی داهاتوو پێویستمان بە شوێنێکی گەورەتر بێت بۆ ئەوەی بتوانین هەمووان لەخۆ بگرین."

لە کۆتایی گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی باسی لە ئامانجە باڵاکانی ئەم بەشدارییە کرد و هیوای خواست لە ڕێگەی دیدارەکانی چەند ڕۆژی داهاتوو لەگەڵ سەرکردە جیهانییەکان، بتوانن "وێنەی ڕاستەقینەی بارودۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ جیهان ڕوون بکەنەوە، بە مەبەستی مسۆگەرکردنی پشتیوانیی زیاتری نێودەوڵەتی بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان ئامادەبووانی هێژا
بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەكتان دەكەم
زۆر خۆشحاڵم كە جارێكی تریش توانیمان لێرە لە داڤۆس بە یەك بگەینەوە و بە پشتیوانيی خودا ئەمساڵیش، ماڵی كوردستان لە داڤۆس دەكەینەوە كە بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو دەرگای كراوە دەبێت بۆ ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست، هەروەها بۆ میوانە بەڕێزەكانیش كە دەتوانن سەردانی ماڵی كوردستان بكەن.

ئەمە چەندین ساڵە شاندی كوردستان هەمیشە بەشدارە لە كۆڕبەندی داڤۆس كە یەكێكە لە كۆڕبەندە هەرە گرنگەكانی دونیا بۆ بەیەكەوە گەیاندنی سەرانی سیاسی و سەركردەكانی ئابووری لە سەرتاسەری جیهان. هەموو ئەو سەركردانە، سەرۆكەكان دێن لێرە كۆدەبنەوە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی بیروباوەڕەكان و گۆڕینەوەی بۆچوونەكان لەبارەی ئاڵنگارییەكان، دەرفەتەكان، چ لە ڕووی سیاسی، چ لە ڕووی ئابووری، ئەمە دەرفەتێكیشە بۆ ئێمەی كورد و خەڵكی كوردستان كە بتوانین بێین لێرە بەشدار بین بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەكانمان چ لەسەر ئاستی سیاسی بێت یان لەسەر ئاستی ئابووری بێت. هەروەها بازرگانەكانمان، وەبەرهێنەرەكانمان، سەرمایەدارەكانمان، ئەو دەرفەتەیان بۆ بڕەخسێت لێرە لەگەڵ سەركردەكانی تری جیهان دیدار و گفتوگۆ بكەن و پەیوەندی دروست بكەن و دەرگای زیاتریش بۆ كوردستان بكەنەوە بە رووی وەبەرهێنەرانی دونیا كە ئەو دەرفەتە لەوانەیە پێشتر وەكوو پێویست نەبووبێت، یانیش خەڵك زۆر شارەزای ئەو دەرفەتانە نەبووبێت كە لە كوردستان هەیە.

من سوپاسی هەموو ئەو وەبەرهێنەر و بەڕێزانە دەكەم كە سپۆنسەری ماڵی كوردستانیان كردووە، ئەمە بۆ سێیەمین ساڵە و هەر ساڵیش گەورەتر دەبێت و بە ڕێژەیەكی فراوانتر بزنسمەن و سەرمایەدارانی كوردستان لەم كۆڕبەندە بەشداری دەكەن. نازانم ساڵی داهاتوو لەوانەیە شوێنەكە بەشیشمان نەكات و دەبێ لە شوێنێكی گەورەتر بگەڕێین.

هیوادارم بتوانین لەو چەند ڕۆژەی داهاتوو چەندین دیداری گرنگ ئەنجام بدەین لەگەڵ سەرۆك و سەركردەكانی جیهان، بێگومان ئەوەی لامان گرنگ و مەبەستە ئەمەیە كە ئێمە بتوانین بارودۆخی هەرێمی كوردستانیان لەگەڵ باس بكەین، چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی ئابووری و لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان بتوانین پشتیوانییەكی زیاتر لە سەرانسەری جیهان بۆ خەڵكی كوردستان دابین بكەین و ڕێگەشیان بۆ خۆش بكەین كە ئەوان بتوانن بێن سەردانی كوردستان بكەن و وەبەرهێنانی زیاتریش لە كوردستان بكەن.
من هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم
هیوادارم هەمووتان كاتێكی خۆش بەسەر ببەن و سەركەوتوو بن لە كار و چالاكییەكانتان.

زۆر سوپاس.