دۆسیەی کورد تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆی ترەمپ و شەرع بوو

هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و سووریا، بە تەلەفۆن قسەیان کرد و تێیدا جەختیان لەسەر چەند خاڵێکی ستراتیژی کردەوە، کە دیارترینیان پاراستنی مافەکانی گەلی کورد بوو.

دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە تەلەفۆن قسەی کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، هەردوو سەرۆک جەختیان لە گرنگیی پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی سووریا کردەوە و پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ ئەو هەوڵانە دەربڕی کە ئامانجیان بەدیهێنانی سەقامگیرییە لە وڵاتەکەدا.

یەکێک لە تەوەرە هەرە گرنگەکانی گفتوگۆکە، تایبەت بوو بە پرسی کورد لە سووریا. لەم بارەیەوە، هەردوو لا جەختیان کردەوە لەسەر "پێویستیی مسۆگەرکردنی مافەکان و پاراستنی گەلی کورد، لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، هەردوو سەرۆک ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامیدان بە هەماهەنگییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی "داعش" و کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانەی تیرۆر دروستی دەکات.

هەروەها ترەمپ و شەرع، خواستی هاوبەشی خۆیان بۆ بینینی "سووریایەکی بەهێز و یەکگرتوو" دەربڕی، کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی هەبێت.

لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ لەسەر ژمارەیەک دۆسیەی هەرێمی کرا، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی پێدانی دەرفەتێکی نوێ بە سووریا بۆ ئەوەی بەرەو ئاییندەیەکی باشتر هەنگاو بنێت.