هۆشداریی لە کارەساتێکی مرۆیی لە رۆژئاوا دەدرێت
داوای پاراستنی بەپەلەی هاووڵاتیانی کورد دەکرێت
رێکخراوی چێنج، بڵاوی کردووەتەوە کە کۆمەڵێک لە چالاکوانان، کەسایەتییەکان و لایەنە مەدەنییەکان لەسەرانسەری جیهان لە راگەیەندراوێکی بەپەلەدا، هۆشداریی توند دەدەن لە تێکچوونی خێرای بارودۆخی مرۆیی و ئەمنیی لە رۆژئاوا و تەواوی ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
واژۆکارانی بەیاننامەکە رایدەگەیەنن؛ هاووڵاتیانی مەدەنی، بەتایبەتی پێکهاتەی کورد، لەژێر هەڕەشەیەکی جددیی توندوتیژی و پڕۆسەی ئاوارەبوونی زۆرەملێدان.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە شارەکانی حەسەکە، قامیشلۆ، کۆبانێ و دەوروبەریان رووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی ناسەقامگیری بوونەتەوە. ئەم دۆخە نەک هەر بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی، بەڵکو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیشی بە تەواوی پەکخستووە.
واژۆکاران جەخت دەکەنەوە گەلی کورد لەو ناوچانەدا، کە مێژوویەکی درێژیان لە بێبەشبوون لە مافە سەرەتاییەکان هەیە، ئێستا لەبەردەم هەڕەشەیەکی نوێی سیستماتیکدان کە راستەوخۆ ژیان و کەرامەتیانی کردووەتە ئامانج.
بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکە تایبەتە بە لایەنی ئەمنیی، بەتایبەت ئەو شەڕ و پێکدادانانەی لە دەوروبەری ئەو گرتووخانانە ڕوودەدەن کە هەزاران چەکداری داعشیان تێدا دەستبەسەرە.
چالاکوانان نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەبارەی ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە هەڵاتنی تیرۆریستانی داعش. ڕایدەگەیەنن ئەم گەشەسەندنانە تەنیا مەترسی نییە بۆ سەر ناوچە کوردییەکان، بەڵکو هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەگەری نوێبوونەوەی توندوتیژییە توندڕەوەکان لە ناوچەکەدا.