بەفربارین ژیانی لە وان پەکخستووە و رێگەی 287 ناوچە داخراوە
بەهۆی شەپۆلێکی چڕی بەفربارین و تەمومژ لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان پەکیکەوتووە و رێگەی سەدان گوند و ناوچەی دیکەی پارێزگاکەی داخستووە.
لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێکی بەفربارین، پارێزگای وانی لە باکووری کوردستان گرتووەتەوە و بە گوێرەی تۆمارەکانی کەشناسی پلەکانی گەرما بۆ 13 تا 15 پلە لەژێر سفری سیلیزی دابەزیوە. بەهۆی چڕی بەفرەکەوە، رێگەی هاتوچۆی 287 گوند و شارۆچکە داخراوە و گەشتە ئاسمانییەکانیش لە فڕۆکەخانەی وان پەکیکەوتووە.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای وان رایگەیاندووە، کەشوهەوا بە هەوری دەمێنێتەوە و پێشبینی دەکرێت لە وان، بەدلیس و جۆلەمێرگ بەفربارین بەردەوام بێت. ئاماژە بەوەش دراوە کە لە شارۆچکەکانی (ئەدرەمیت، باخچەسەرای، چاتاک، گەڤاش و گورپنار) بەفربارین زیاتر بێت، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکاندا، لە هەندێک شوێن ئاستی بەفری باریوی 24 کاتژمێری ڕابردوو گەیشتووتە نیو مەتر.
پارێزگای وان کە دەکەوێتە باکووری کوردستان، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و بەرزییەکەی لە ئاستی دەریا، یەکێکە لەو ناوچانەی ساڵانە رووبەڕووی شەپۆلە هەرە سەختەکانی زستان دەبێتەوە. لە وەرزی سەرما و بەفرباریندا، پلەکانی گەرما لەم پارێزگایەدا زۆرجار بۆ خوار 20 پلەی سیلیزی لەژێر سفر دادەبەزن.