نرخی زێڕ یەک ملیۆن دیناری تێپەڕاند
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی کوردستان ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمار کرد و گەیشتە یەک ملیۆن دینار. گرانبوونی زیڕ دوای هەڕەشە نوێیەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت بە سەپاندنی گومرگی زیاتر بەسەر وڵاتانی ئەوروپا، وای کردووە وەبەرهێنەران روو لە کڕینی زێڕ بکەن.
سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، نرخی زێڕ 60 دۆلار بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 4,736 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، لە بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نرخی یەک مسقاڵ لە زێڕی عەیار21 گەیشتە یەک ملیۆن دینار.
ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا لەسەر پرسی دوورگەی گرینلاند بووەتە هۆی شڵەژانی بازاڕەکان. ترەمپ، فشارەکانی بۆ بەدەستهێنانی سەروەریی گرینلاند زیاتر کردووە ، ئەمە یەکێتیی ئەوروپای ناچار کردووە بیر لە وەڵامدانەوەی توند بکاتەوە.
ترەمپ دەڵێت: " ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا رێگە نەدەن ئەمریکا گرینلاند بکڕیت، لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵەوە پێناسی گومرگی لەسەر هەشت وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا بەرز دەکەمەوە"، بڕیارە نوێییەکەی ترەمپ، ترسی لە دووبارەبوونەوەی شەڕی بازرگانی دروست کردووە.
شرۆڤەکارانی دامەزراوەی بانکی و دارایی "UBS" دەڵێن: " نیگەرانییەکان لە گەشەی ئابووری بەهۆی هەڕەشە گومرگیەکان و فشارەکانی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوو، بوونەتە پاڵنەری سەرەکی و زێڕیان گەیاندووەتە ئەم ئاستە پێوانەییە. پێشبینی دەکەین، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 5,000 دۆلار".
لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ، بووەتە سەرۆکی ئەمریکا، نرخی زێڕ %71 و نرخی زیو %218 بەرزبوونەتەوە. دابەزینی بەهای دۆلار و ترسی وەبەرهێنەران لە سەرهەڵدانەوەی جەنگی بازرگانی هاوشێوەی ساڵی 2025، وای کردووە زێڕ ببێتە بژاردەی یەکەم بۆ پاراستنی سەرمایە لەلایە وەبەرهێنەران.