تۆم بەڕاک: ئەرکی هەسەدە بۆ شەڕی دژ بە داعش کۆتایی هات

تۆم بەڕاک
تۆم بەڕاک

تۆم بەڕاک، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکدا تیشکی خستە سەر ئایندەی کورد لە سووریای دوای ئەسەد و ڕایگەیاند، ئێستا گەورەترین هەل بۆ کوردانی سووریا ئارادایە.

بەڕاک ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم قۆناغە ڕێگەیەکە بۆ تێکەڵبوونەوەی تەواو لە ناو دەوڵەتێکی یەکگرتووی سووریادا، کە تێیدا مافی هاووڵاتیبوون، پاراستنی کولتووری و بەشداریی سیاسی فەراهەم دەبێت، ئەو مافانەی کە لە سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەددا لێیان زەوت کرابوو.

بەگوێرەی گوتەکانی بەڕاک، پێشتر بوونی سەربازیی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر بنەمای هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (HSD) بوو بۆ شەڕی داعش، چونکە لەو کاتەدا حکومەتێکی ناوەندیی کارا نەبوو مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا هاتووە و سووریا حکوومەتێکی ناوەندیی ناسراوی هەیە، کە لە کۆتایی ساڵی 2025 وەک ئەندامی 90ـەمین چوونەتە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش، ئەمەش وای کردووە بیانووەکانی هاوبەشیی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆتایی پێ بێت، چونکە ئێستا دیمەشق ئامادەیە بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان و کۆنترۆڵی گرتووخانەکانی داعش بگرێتە ئەستۆ.

بەڕاک ئاشکرای کردووە، ئەمریکا کار ئاسانی بۆ ئەم گواستنەوەیە دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا چەند هەنگاوێکی گرنگ نراون:

لە 18ی کانوونی دووەمدا، ڕێککەوتنی تێکەڵبوونەوە لە نێوان حکومەتی سووریا و سەرکردایەتی (HSD) واژۆ کراوە بۆ دیاریکردنی نەخشەڕێگەیەکی ئاشتییانە.

هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک (تاک)دەچنە ناو سوپای نیشتمانییەوە و ژێرخانە گرنگەکانی وەک کێڵگە نەوتییەکان، بەنداوەکان و دەروازە سنوورییەکان ڕادەستی دیمەشق دەکرێنەوە.

ئەمریکا هیچ بەرژەوەندییەکی لە مانەوەی سەربازیی درێژخایەندا نییە و کاری لەپێشینەی تەنیا تێکشکاندنی پاشماوەکانی داعشە، بەبێ پشتگیریکردن لە بیرۆکەی جوداخوازی یان فیدراڵی.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، تۆم بەڕاک جەختی کردووەتەوە لەوەی تێکەڵبوونەوە لە ناو دەوڵەتی نوێی سووریا، دەستکەوتی گەورە بۆ کورد دەستەبەر دەکات، لەوانە،مافی هاووڵاتیبوونی تەواو (تەنانەت بۆ ئەوانەشی پێشتر بێ ناسنامە بوون)، ناساندنی زمانی کوردی و کولتووری کوردی لە دەستووردا (وەک خوێندن بە زمانی کوردی و ناساندنی نەورۆز وەک پشووی نیشتمانی) و بەشداری لە حوکمڕانیدا.

بەڕاک ئاماژەی بەوە کردووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێستا سەرنجی لەسەر دوو خاڵی سەرەکییە، ئەوانیش، یەکەم، دڵنیابوونەوە لە تەناهی ئەو گرتووخانانەی چەکدارانی داعشی تێدایە، دووەم، ئاسانکاری بۆ وتووێژەکانی نێوان (HSD) و حکوومەتی سووریا بۆ گەیشتن بە تێکەڵبوونەوەیەکی ئاشتییانە و گۆڕینی پێگەی کورد بۆ هاووڵاتییەکی تەواو و مێژوویی لە ناو خاکی سووریادا.