ئیلهام ئەحمەد: پاراستنی گیانی شەڕڤانان لە گرتووخانەی ئەقتان لە ئەستۆی ئەمریکایە
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی سەر زیندانێکی داعش لە ڕەققە و ڕاستەوخۆ پەیامێک ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا دەکات.
ئیلهام ئەحمەد لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ڕایگەیاند؛ زیندانی ئەقتان لە شاری ڕەققە ڕووبەڕووی تۆپبارانێکی چڕ بووەتەوە، کە ئەم زیندانە نزیکەی 2000 چەکداری دەستگیرکراوی ڕێکخراوی داعشی تێدایە.
بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای لە هێزەکانی ئەمریکا کردووە کە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن و نووسیویەتی: هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا بەرپرسن لە ئاسایش و سەلامەتی ئەو گرووپەی کە پاسەوانی و پاراستنی زیندانەکە دەکەن.
ئیلهام ئەحمەد داواشی لە واشنتن کردووە کە پشت لە هاوپەیمانەکانی نەکات و گوتی: داوایان لێدەکەین بەرپرسیارێتییەکانیان لە ئەستۆ بگرن بەرانبەر بەوانەی کە لە تەنیشتیان وەستان و شەڕی تیرۆریان کرد، هەروەها وەک لایەنێکی گەرەنتیکەر بەدواداچوون بۆ پرۆسەی ئاگربەست بکەن.